کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دارستانەکانی پولدوختەر لە نێو ئاگردا پەلەقاژەیانە

12:20 - 27 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: تاڵاوەکان و دارستانەکانی پولدوختەر ئاگریان گرتووە و ئاگر هەر بەردەوام پەرە دەستێنێت.

ئایەت فەرۆخپوور، بەرپرسی ڕێکخراوی ئاگرکۆژینەوەی شارەداریی پولدوختەر ڕایگەیاندووە، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٦ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، لێرەوارەکانی نزیک بە تاڵاوەکانی پولدوختەر ئاگریان گرتووە و هەتا ئێستە بەردەوامە.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم باسی لەوە کردووە، کە هەتا ئێستە هۆکاری ئاگرگرتنی ئەو ناوچەیە دیار نییە و خەسارێکی زۆر بە ژینگەی ئەو ناوچەیە گەیشتووە و هێشتا ئاگرەکە کونتڕۆڵ نەبووە.

دارستان و تاڵاوەکانی شاری پولدوختەر لە گرنگترین بەشەکانی ژینگەی زاگرۆس بە ئەژمار دێن، کە بە هۆی کەمتەرخەمییەکانی ڕێژیم، بەشێکی زۆر لەو دارستانانە لەنێو چوونە و لەم ئاگرگرتنەیشدا، زەلجاڕ و تاڵاوەکان لە حاڵی سووتاندان و بە هۆی نەبوونی بەلەمی تایبەت بە ئاگرکۆژینەوەی تاڵاو، لە حاڵی لەنێوچوونن.

لەنێوبردنی ژینگەی کوردستان، یەکێک لە سیاسەتە سەرەکییەکانی ڕێژیمی ئێرانە، هەرچەند هەتا ئێستە ئامارێکی تایبەت بڵاو نەکراوە، بەڵام لە هاوینی ئەمساڵەوە بە هۆی تۆپباران و سووتاندنی بەئەنقەست لە لایەن ڕێژیمەوە، هەزاران هێکتار لە دارستانەکانی کوردستان سووتاون.