کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دارستانەکان لەنێو دەبرێن و لە جێگایان خەشخاش دەچێنرێن

11:11 - 19 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: لە پارێزگای فارس کەسانێک داری دارستانەکان وشک دەکەن و لە جێگای دارەکان پەرە بە چاندنی خەشخاش (تریاک) دەدەن.

بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی هەواڵدەریی حکوومەتیی "تەسنیم"، پەرویز کوردوانی، لێکۆڵەری بواری ژینگە، ڕۆژی دووشەممە، ١٨ی جۆەزەردان، ڕایگەیاندووە: "لە پارێزگای فارسدا کەسانێک دەیانەوێت دارستانەکان لە نێو ببەن و لە جێگایان تریاک بچێنن".

ناوبراو وتوویەتی: "ئەم کەسانە بۆ وشککردنی دارەکان کەڵک لە ڕێگاگەلی جیاواز وەردەگرن، وەک: ڕژاندنی گازۆئیل یان پودری ئوورە لە پێی دارەکان دەڕێژن و دوای چەند مانگێک دارەکان وشک دەبن و هەر ئەم کەسانە بە ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەکان هەواڵی وشکبوونی دارستانەکان دەدەن".

لە درێژەدا پەرویز کوردوانی ئاماژەی بەوە داوە، کە دەکرێت ئەو کەسانەی دارستانەکان وشک دەکەن پەیوەندییان لەگەڵ ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەکانی ڕێژیم هەبێت و لەم بارەوە ڕایگەیاندووە: "بە هەبوونی مۆڵەتی فەرمیی بۆ بڕینی دارەکان، دارەکان دەبڕنەوە و تەنانەت لە جێگاشیان تریاک دەچێنن".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ناوبراو هۆکاری بەهێزبوونی لافاوی ئەم دواییەی بۆ لەنێوبردنی دارستانەکان گەڕاندووەتەوە و پێی وایە ئەگەر دارستانەکان بەم شێوە فراوانە لە نێو نەبردراین، دەکرا زیانی لافاوەکە کەمتر بوایە.

بەپێی ئامارێکی بڵاوکراوە لە لایەن ستادی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ مادە هۆشبەرەکانی ڕێژیم، لە ئێراندا زیاتر لە ٢ میلیۆن و ٨٠٨ هەزار بەکارهێنەری ماددە هۆشبەرەکان هەن، کە تریاک، گوڵ و هیرۆئین زۆرترین بەکارهێنەریان هەیە.