کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دارەستانەکانی ''بۆزین و مەرەخێڵ'' هەروا دەسووتێن

13:24 - 11 پووشپەڕ 2720

دارستان و لەوڕەگەکانی ''بۆزین و مەرەخێڵ'' لە پاوە نزیکەی حەوتوویەکە هەروا دەسووتێن و لە کۆنترۆڵ چووەتە دەرەوە و مەترسیی ئاگرکەوتنەوەی بۆ ناوچەکانی دیکەش دروست کردووە.

سەرەڕای ئەویکە خەڵک و چالاکانی ژینگەپارێز لە هەوڵی کۆنترۆڵی ئەو ئاگرەدان، بەڵام بەهۆی نەبوونی ئیمکاناتی پێویست بەشێکی زۆری ئەو ناوچەیە لە ئاگردا سووتاوە و سووتانی دارستانەکان هەروا درێژەی هەیە.

بەم هۆیەوە زیانێکی زۆر بە لەوڕەگە و دارستانەکانی پاوە گەیشتووە و بێدەنگی و ئاوڕنەدانەوەی بەئەنقەستی ڕێژیم زیاتر ئاگرکەوتنەوەکە پەرەپێدەدەات.

بەرپرسانی ڕێژیم بۆ کۆنترۆڵی ئەم ئاگرکەوتنەوەیە لەو ناوچەیە کە شوێنێکی شاخاوییە و بۆ هاتوچۆکردن زۆر دژوارە لە بەکارهێنانی هێلیکۆپتێر خۆیان دەبوێرن.  

پانتایی و خێرایی ئاگرکەوتنەوەکە بە ڕادەیەک زۆرە کە لە ئەگەری کۆنترۆڵ نەکردنی ئەم ئاگرە هەموو ٢٣ هێکتاری دارستانەکانی ئەو ناوچەیە دەسووتێت.

ئەوە لە حاڵێکدایە سێ ڕۆڵەی نیشتمانپەروەری کوردستان ڕۆژی یەکشەممە ٨ی پووشپەڕ، لە کاتی  کوژاندەوە و کۆنترۆڵکردنی ئاگری دارستانەکانی ناوچەی ''بۆزین و مەرەخێڵ" لە پاوە گیانی خۆیان لەدەست دا.

لەوڕگە و دارەستانەکانی ''بۆزین و مەرەخێڵ'' لە بواری ژینگەییەوە بە ناوچەیەکی گرینگی کوردستان لە پارێزگای کرماشان دیتە ئەژمار، بەڵام بەهۆی پیلانەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ لەنێوبردنی ژینگە و دارستانەکانی کوردستان، وەکوو ناوچەکانی دیکەی کوردستان مەترسیی لەنێوچوونی لەسەرە.