کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دامەزراندنی ڕانتی لە کرماشان بە ڕادەیەکە کە دەنگدانەوەی لێکەوتەوە

13:01 - 8 بانەمەڕ 2721

دامەزاندنی بێ یاسا و ڕێسا لە پارێزگای کرماشان بە شێوەیەکی بەرچاو پەرەی سەندووە و ئێستا بە دانپێدانانی یەکێک لە ئەندامانی شورای شاری شائاباد، ئەو گەندەڵکارییە لەو شارە لە ئاستێکی بەرزدایە.

سەرچاوەکان لە کرماشان باس لەوە دەکەن کە ئەو کەسانەی کە لە ڕەوتی هەڵبراژدنەکانی سەرکۆماری لە ئێران لە ساڵی ٩٢ و ٩٦ بانگەشەیان بۆ ''حەسەن ڕووحانی'' کردووە، بڕیارە لەلایەن بەرپرسانی ئەو شارەوە دابمەزرێن.

ئەم هەوڵە کاردانەوەی توند و نەرێنیی لە ئاستی ئێراندا لێکەوتەوە، بەڵام بەرپرسانی پارێزگای کرماشان لە چەندین وتووێژدا خۆیان لە بەرپرسیاریەتیی ئەنجادانی ئەو کارە دەرهاویشتووە و ئەو بابەتەیان بە لاڕێدا بردووە.

ماوەیەک لەمەوپێش یەکێک لە ئەندامانی شورای شاری شائاباد دانی بەوەدا نا کە کوڕەکەی و چەندین خزمی خۆی لە شارەداریی ئەو شارە دامەزراندووە.

هەروەها ژمارەیەک لە فەرمانبەرانی شارەداریی شائاباد منداڵەکانی خۆیان لەو ئیدارە دامەزراندووە کە ژمارەیان دەگاتە دە کەس.

بەهۆی نەبوونی سیستەمێکی شایستەسالار و بەرنامەیەکی تۆکمەی بەڕێوەبەری و یاسا و ڕێسایەکی دێموکراتیک، دیاردەی دامەزراندنی ڕانتی لە ئاستی ئێراندا وێڕای سەدان گەندەڵکاریی دیکە گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی.