لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ڕێکخراوی بەرنامە و بودجەی ڕێژیمی ئێران ڕوو لە وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاندبوو: "بودجەی پێویستمان بۆ ڕاکێشانی هێزی کاری نوێ نییە و هەتا ئێستا لە ٨١ لەسەدی بودجەی تەرخانکراو کەڵکمان وەرگرتووە، باشترە پەرستاران چاوەڕوانی دامەزراندن یان گۆڕانی دۆخیان نەبن".
پەرستاران ڕوو لەو ڕاگەیاندراوەی ڕێکخراوی بەرنامە و بودجە وتوویانە: "لەگەڵ ئێمە وەک کرێکاری وەرزی هەڵسوکەوت دەکرێت و لە کاتی کۆرۆنادا کە پێویستیان پێمان بوو کەڵکیان لێ وەرگرتین و بەڵێنیی دامەزراندنیشیان پێ داین، ئێستا کە دۆخەکە ئارامە بودجەیان بۆ دامەزراندن و گۆڕانی دۆخمان نییە".
ئەو ڕاگەیەندراوە لە حاڵێکدایە کە "عەباس عیبادی" جێگری پەرستاریی وەزیری تەندروستیی ڕێژیم وتوویەتی: "ئیمکانی نییە کەسێک دەورەی پەرستاریی تێپەڕ کردبێت و دانەمەزرابێت".
لە حاڵێکدا کە "عەباس عیبادی" ئیدعا دەکات کە پەرستاری بێکار لە ئێران بوونی نییە، "محەممەد شەریفی موقەدەم" سەرۆکی خانەی پەرستارانی ئێران چەند ڕۆژ پێش وتی: "لە ئێران ١٠٠ هەزار پەرستاری بێکار بوونی هەیە، ئەوە لە حاڵێکدایە کە لە نەخۆشخانەکاندا پێویستییەکی زۆر بە هێزی پەرستار هەیە".
لەلایەکی ترەوە "زارا شێیخی" وتەبێژی کۆمیسیۆنی تەندروستی و دەرمانی ڕێژیم وتوویەتی، وڵاتی ئیمارات ئامادەیە مانگانە ٣٥٠ ملیۆن تمەن بە پزیشکان و پەرستارانی ئێرانی بدات هەتا بۆ ئەو وڵاتە کار بکەن.
ساڵانە لە ئێران ١٢ هەزار پەرستار خوێندنیان تەواو دەکەن و لەبەر نەبوونی هەلی کار و دامەزراندن لە ناوەندە پەیوەندیدارەکان، سەدان کەسیان ناچار دەبن کاری تر بکەن یان وڵات بەجێ بهێڵن و ڕوو لە وڵاتانی تر بکەن.