کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دامەزراوە سێنفییەکانی مامۆستایان: ئەگەر داخوازییەکانمان جێبەجێ نەکرێن ڕۆژی سێشەممە ناڕەزایەتیی سەرتاسەری بەڕێوە دەبەین

10:45 - 25 سەرماوەز 2721

شورای هاوئاهەنگیی دامەزراوە سێنفییەکانی فەرهەنگییان، ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی سەرماوەز، سەبارەت بە داخوازی و ناڕەزایەتییەکانیانی ئەو چەند ڕۆژەی مامۆستایان بەیانییەیەکی بڵاو کردەوە. لەو بەیانییەیەدا هاتووە کە نوێنەرانی مەجلیس هەتا یەکشەممە ٢٨ی سەرماوەز دەرفەتیان هەیە بۆ ئەوەی داخوازییەکانیان بهێننە دی.

ئەو شورایە لە درێژەدا نووسیویەتی کە لە ئەگەری جێبەجێنەکردنی داخوازییەکانیان، ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی سەرماوەز ناڕەزایەتیی سەرتاسەری لەلایەن مامۆستایانەوە بەڕێوە دەچێت.

شورای هاوئاهەنگیی دامەزراوە سێنفییەکانی فەرهەنگییان پێشنیاری بە مەجلیسی ڕێژیمی ئیران داوە کە یەکخستنی ڕاستەقینە و پلەبەندیی مامۆستایان بە شێوەی گشتی پەسند بکات، هەروەها داوای ئازادکردنی "ڕەسووڵ بوداقی" چاوەدێری ناوەندی سێنفیی مامۆستایانیان کردووە کە لە ڕۆژی شەممە ٢٠ی سەرماوەزەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکان دەسبەسەر کراوە.

ڕۆژێک پێش بڵاوکردنەوەی ئەو بەیانییەیە، ڕێکەوتی ٢٢ی سەرماوەز مامۆستایان بۆ سێهەمین ڕۆژی بەردەوام کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان لە زیاتر لە ٨٠ شاری کوردستان و ئێران بەرێوە بردبوو.

لەو ناڕەزایەتییانەدا هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندەران و "ڕەسووڵ بوداقیـ"ـیان دەسبەسەر کرد و ڕۆژی دووەم "ئامانج ئەمینی" یەکێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی پارێزگای "سنە"یان کردبوو و ناوبراویان ئازار و ئەشکەنجە دابوو؛ ڕۆژی دواتر لە ناڕەزایەتییەکانی شاری "سەقز" هاواریان دەکرد: "ئێمە هەموو ئامانجین".