کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانمارک باڵوێزی خۆی لە تاران کشاندەوە

11:13 - 9 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: هاوکات لەگەڵ بانگهێشتی باڵوێزی کۆماری ئیسلامی لە کۆپێنهاگ، دەوڵەتی دانمارک باڵوێزی خۆی لە تاران بەهۆی هەوڵی تێرۆریستی کۆماری ئیسلامی لەم وڵاتە کشاندەوە.

پاش ئەوەیکە لێپرسراوانی ئەمنی دانمارک ڕایانگەیاند کۆماری ئیسلامی بەتەمای ئەنجامدانی کردەوەی تێرۆریستی لەم وڵاتە بووە ئاندرێس سامۆئێلسۆن وەزیری دەرەوەی دانمارک ڕایگەیاند کە وێڕای بانگهێشتی باڵوێزی ئێران، باڵوێزی خۆیان لە تارانیشیان بانگهێشت کردووەتەوە.

سامۆئێلسۆن وتوویەتی: کۆماری ئیسلامی بەتەمای ئەنجامدانی کردەوەی تێرۆریستی بووە لە خاکی دانمارکدا؛ بەوتەی ناوبراو سرویسە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی ویستوویانە هێرش بکەنە سەر بەرپرسێکی بزووتنەوەی عەرەبی ئازادیخوازی ئەلئەحواز کە لەم وڵاتەدا دەژی.

هەروەها لە لاپەڕەی تویتێری خۆیدا نووسیویەتی: ئەم کردەوەی ئێران جێگەی قبووڵ کردن نییە و دانمارک وڵامی شیاوی خۆی بەرامبەر بە ئێران دەبێت و لەمبارەوە لەگەڵ وڵاتانی دیکەش وتووێژ دەکات.

ئەم هەڵوێستەی دانمارک لەگەڵ پشتیوانی ئامریکا بەرەوڕوو بوویەوە؛ مایک پۆمپێئۆ لە پەیامێکی تویتێریدا ڕایگەیاند: "ئێمە دەسخۆشی لە دەوڵەتی دانمارک دەکەین بۆ گرتنەبەری ئەم هەڵوێستە بوێرانە؛ وتوویشیەتی: ئورووپا بۆ نیزیک بە ٤٠ ساڵە ئامانجی پەلامارە تێرۆریستییەکانی ئێرانە بۆیە بەردەوام داوامان لە هاوپەیمانەکانمان ئەوە بووە کە بۆ پاراستنی ئەمنیەت و ئاسایشی جیهانی بەرامبەر بە ئێران بوەستنەوە".

ئەمە چەندەمین جارە کە کۆماری ئیسلامی لە خاکی ئۆرووپادا هەوڵی ئەنجامدانی کردەوەی تێرۆریستی لەم چەشنە دەدات کە بەرچاوترینیان تێرۆری ڤییەن و تێرۆری میکۆنۆس بووە کە بەداخەوە لە هەر دووکیاندا سەرکەوتوو بوو و تێیدا دوو ڕێبەری گەورەی گەلی کورد شەهید کران.