کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانپێدانانی ئەندامانی مەجلیسی ڕێژیم بە داڕزیویی دەسەڵات

11:45 - 17 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: دەسنیشانکراوانی ڕێژیمی ئێران لە مەجلیسدا لە هەمبەر پەرەسەندنی لەڕادەبەری قەیرانەکان لە ئێراندا دان بەوەدا دەنێن کە لە نێو ڕێژیمدا هەموو شتێک تێکەڵ بووە و هیچ شتێک لە جێی خۆیدا نەماوە.

"ئەمیر خوجەستە"، یەکێک لە ئەندامانی مەجلیسی ڕێژیم لە مەجلیسدا وتوویەتی: "ڕوون نییە چ کەسێک وڵات بەڕێوە دەبات و ڕوون نییە سنوورەکان لە دەستی کێدان! هەموو شتێک تێکەڵ بووە و هیچ شتێک لە جێی خۆیدا نەماوە".

ناوبراو بە ئاماژەدان بەوەی کە کۆمەڵگایان تووشی سەرلێشێواوی کردووە و وڵاتیان تووشی قەرانگەلێکی هەوسارپچڕاو کردووە، وتوویەتی: "هیچ کەس وڵامدەری دۆخی ئێستای وڵات نییە"!

لەم پەیوەندییەدا، "ئیمەن‌ئابادی"، دەسنیشانکراوێکی دیکەی ڕێژیم وتوویەتی: "خودی دەوڵەت کە تێکەڵ و پێکەڵ بووە، ئێمەش ئەگەر دوو مست لە چەپ و ڕاست و سکی بدەین، شتێک لە دەوڵەت نامێنێتەوە".

ناوبراو لە درێژەدا زیادی کردووە: "زۆرێک لە وەزیرەکان وەڕەز بوون و وابزانم ئەگەر ڕێگا بدەن، زۆر کەس دەیەوێت دەست لە کار بکێشێتەوە و دڵنیام لانیکەم سێ چوار کەس هەر ئێستا بۆ وازهێنان قەڵەمیان لە دەستدایە و تەنیا ڕوویان نایەت واژۆی بکەن".

ئەم حاڵەتانە پیشاندەری ئەوەن، کە دەسنیشانکراوانی مەجلیس و وەزیرەکانی ڕێژیم، لە دەست دۆخی هەنووکەییی ڕێژیمدا وەزاڵە هاتوون و نازانن چۆن ئەو قەیرانانەی کە تووشی وڵاتیان کردووە، کۆنترۆڵ بکەن و دان بەوەدا دەنێن کە ڕێژیم داڕزیوە.