کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داهاتی ١٨ هەزار میلیارد تمەنیی کابینەی ڕووحانی لە باجی بورس

12:51 - 1 بانەمەڕ 2721

بەهۆی هەڵبەزین و دابەزینی بەهای پشک لە بورسی ئێراندا نزیک بە ٥٠ ملیۆن کەس زیانیان بەرکەوتووە، لە حاڵێکدا ڕێژەی داهاتی باجی بورس لە دەسەڵاتی ڕووحانی ٤٠٠ لەسەد گەشەی هەبووە.

بەپێی ڕاپۆرتێک کە لە داهاتەکانی ئێران لە باجی بورسدا بڵاو کراوەتەوە، ئێران لە ساڵی ١٣٩٩ لە ڕاگواستنی پشک لە بورسدا ١٧هەزار و ٩٨٩ میلیارد تمەن داهاتی هەبووە.

لە حاڵێکدا ڕێژەی گشتیی داهاتی باج لە کڕین و فرۆشتنی پشکی بورس لە ساڵی ١٣٩٨ نزیکەی ٣٣٠٠ میلیارد تمەن بووە و ڕێژەی داهاتی دەوڵەت لە باجی بورس بەنیسبەت ساڵی ڕابردوو ٤٤٣ لەسەد گەشەی هەبووە.

چەندین مانگە زیان بەرکەوتووانی بورس بەردەوام کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە دژی سیاسەتەکانی ڕێژیم بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانیان پێک دێنن.