کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داهاتی ڕێژیمی ئێران ٩٠٠ هەزار میلیارد تمەن دابەزیوە

12:23 - 6 خەرمانان 2720

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران باس لەوە دەکەن کە گەمارۆکانی ئامریکا هیچ کاریگەرییەکی لەسەر دۆخی ئابووریی وڵات و خەڵک دانەناوه، بەڵام "حەسەن ڕووحانی" سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران دانی بەوەدا ناوە کە گەمارۆکانی ئامریکا ٩٠٠ هەزار میلیارد تمەن داهاتی ئێرانی کەم کردووەتەوە.

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران ئیدعای ئەوە دەکەن: "گەمارۆکانی ئامریکا نێعمەتێک بووە بۆ ئێمە و توانیومانە بەسەر پیلانەکانی دوژمندا سەربکەوین، بەڵام خۆیان باس لەوە دەکەن کە بەهۆی سزا ئابوورییەکانەوە دۆخی وڵات زۆر شپرزەیە".

بە داسەپاندنی گەمارۆوە ئابوورییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بە دژی ڕێژیمی ئێران، خەساری بەرچاو بە ئابووریی ئەو وڵاتە گەیشتووە کە دەتوانین ئاماژە بە داخرانی بنکە بەرهەمهێنەر و پیشەییەکان، بلوکەکرانی دارایی ئێران لە بانکە دەرەکییەکان، وەرنەگرتنی پارەی فرۆشی نەوت، بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و ڕەوتی هەڵکشانی لەڕادەبەدەری بێکاری و هەژاری بکەین.

داهاتی نەوتی ڕێژیمی ئێران بە ڕێژەیەکی زۆر کەمی کردووە و زۆربەی پرۆژەکانی ڕێژیم، بەتایبەتی پرۆژە بەرهەمهێنەرەکانی وەزارەتی نەوت، ڕاگیراون.

"بیژەن نامدار زەنگەنە" وەزیری نەوتی ڕێژیمی ئێران باسی لەوە کردبوو، وەزارەتی نەوت به‌هۆی گەمارۆوە ئابوورییەکان "نانی شەوی نییە" (آه در بساط ندارد) و گۆنای خۆی بە زللـە سوور دەکاتەوە.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران ئامادە نین ڕاستەوخۆ دان بەوەدا بنێن کە گەمارۆکانی ئەمریکا توانیویەتی گوشارێکی لەڕادەبەدەری بۆ ئەوان دروست کردووە، بەڵام کاریگەرییەکان زۆر لەوە بەرچاوترن کە بشاردرێنەوە.