''محەممەد باقر نەوبەخت''، بەرپرسی ڕێکخراوی بەرنامە و بودجەی ڕێژیمی ئێران پشتڕاستی کردەوە کە داهاتە نەوتییەکانی ئێران بۆ یەک لەسەر چوار دابەزیوە و ئەمساڵ داهاتە نەوتییەکان بەتوندی کەمی کردووە و گەیشتووەتە نزیکەی ٥٠ هەزار میلیارد تمەن.
ناوبراو بە ئاماژەدان بە قەرزە چەند هەزار میلیاردییەکانی دەوڵەت وتوویەتی: "بەردەوام نزیکەی ٤٠ هەتا ٥٠ لەسەدی بودجە لە داهاتە نەوتییەکان بووە و ئەمساڵیش لە باشترین دۆخدا کە لە بودجەدا پێشبینی کراوە، نزیکەی ٥٠ هەزار میلیارد تمەن داهات لە فرۆشی نەوتەوە بەدەست دێت".
'' نەوبەخت'' وتی کە لە ئێستادا داهاتی بودجەی سەرچاوەکان، ٥٧٠ هەزار میلیارد تمەن بووە، یانێ ١٠ لەسەدە.
ڕێژیم کە لە بودجەی ساڵی ٩٩ کە نزیک به ٢٠٠ هەزار میلیارد تمەن کەسریی هەیە، بەهۆی گەمارۆوە نەوتییەکانی ئامریکا ناتوانێت کەمیی بودجە قەرەبوو بکاتەوە و هەر بۆیە کاربەدەستانی ڕێژیم بۆ پڕکردنەوەی ئەو بودجەیە بڕیاریان داوە ماڵیات لە خەڵک وەربگرن.
لە دوای گەمارۆوە ئابوورییەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، ئابووریی ئەو وڵاتە کە لەسەر داهاتی نەوت دامەزراوە، زیانێکی قورسی بە ژێرخانی ئەو وڵاتە گەیاندووە و ئابووریی ئەو ڕێژیمە بەرەو داڕمان ڕۆیشتووە.