کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داهێنەرێکی خەڵکی شاری بۆکان لە فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی داهێنان لە ژاپۆن خەڵاتی بەدەست هێنا

12:05 - 4 گەلاوێژ 2722

"لوقمان عەلی‌محەممەدیان" داهێنەری بۆکانی بە دروستکردنی کەرەستەیەک بەمەبەستی یارمەتی گەیاندن بە کەسانی کەمئەندام، توانی میداڵی زێڕ و خەڵاتی تایبەتیی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی داهێنان لە ژاپۆن بەدەست بێنێت.

ئەو فێستیڤاڵە لەلایەن ڕێکخراوی جیهانیی تۆمارکردنی داهێنانی "wipa" و لەلایەن نوێنەرایەتیی فەرمی وڵاتی تایوان لە شاری "تۆکیۆ"ی ژاپۆن بەڕێوە چووە.

ئێران تیمی پەیوەندیدار بە تۆماری داهێنانی نییە، بۆیە ئەو لاوە بۆکانییە بە شێوەی ئازاد لەو فێستیڤاڵەدا بەشدار بووە.

ناوبراو سەبارەت بەو کەرەستەیەی کە دروستی کردووە وتوویەتی کە بەشێکی زۆر لە کەمئەندامان بە هۆی لاوازی جەستەیی یا عەیبداربوونی ئەندامێکی جەستەیان لە کێشانی وێنە خۆ دەبوێرن و شەرم دەیانگرێت و لە کاتی دیتنی وێنەی کەسانی دیکە و دیمەنی جوان، لە باری ڕەوانییەوە تووشی ئازار دەبن.

ناوبراو هەروەها دەڵێت کە بە کەڵکوەرگرتن لەو کەرەستەیە، کەسانی کەمئەندام دەتوانن ئەندامی خۆیان لەو کەرەستەیە بهاوێن و ژێستی دڵخوازی خۆیان بگرن و وێنەی بە دڵی خۆیان بکێشن.

ناوبراو هەروەها ئەوەشی باس کردووە کە دروستکردنی ئەو کەرەستەیە بە شێوەی گرووپی پێکهاتوو لە کەسانی جۆراوجۆر لە ڕشتە جۆراوجۆرەکانی ئەندازیاری مێکانیک، پزیشکی، ئەندازیاریی پزیشکی، ئێلێکترۆنیک، هونەر و فیزیۆتراپی بە لیدێری ناوبراو بووە کە توانیویەتی لەو فێستیڤاڵەدا خەڵات بەدەست بێنێت.

"لوقمان عەلی‌محەممەدیان" پێشتریش توانیبووی لە فێستیڤاڵە میللییەکاندا سەرکەوتن بە دەست بێنێت، ناوبراو بە نووسینی سێ کتێب، شەش داهێنان و چەندین کاری زانستیی دیکەش پلەی زانستی تۆمار کردووە.