کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داواکاریی چالاکانی سیاسی و ژینگەیی لە خەڵکی کوردستان

13:08 - 29 خاکەلێوه 2721

چالاکانی سیاسی و ژینگەیی لە پەیامێکدا داوایان لە خەڵکی کوردستان کردووە لە ئاست کاولکارییەکانی ژینگە کە لەلایەن ڕێژیمەوە بەڕێوە دەچێت، بێدەنگ نەبن.

کۆمەڵێک لە چالاکانی سیاسی و ژینگەیی بەنیسبەت ئەو کاولکارییە ژینگەییەی کە لەژێر یاسای نگریس و دژەمرۆڤانەی ڕێژیم لە کوردستانی ڕۆژهەڵات ڕوو دەدات، داواکارییەکیان ڕوو لە خەڵکی کوردستان بڵاو کردووەتەوە.

لەو داواکارییەدا هاتووە، لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا لە شاری سایین قەڵا، سەر چۆمی جەغەتوو لە گوندی "قانزالی"، ڕێژیم بووەتە هۆکاری دروستبوونی ئاژاوە و تێکدانی لەوەڕگە کە ساڵانێکی زۆرە خەڵکی هەژار و کەمداهاتی ئەو ناوچەیە ئاژەڵداریی لێ دەکەن. لەو دۆخە قەیراناوییە ڕزق و ماڵ و ژینگەی ئەو ناوچەیە لەنێو دەبەن.

لەو داواکارییەدا باس لەوە کراوە، هەر لە سەرەتای هاتنە سەر کاری ڕێژیم، هەر جارێک پیلانێک و بەرنامەیەکی جیاواز بۆ بەتاڵانبردنی ژینگەی کوردستان بەتایبەت لە ئاوایی قانزالی بەڕێوە چووە.

ڕێژیمی ئێران لە ڕێگای گۆڕینی ڕێڕەوی ئاو بگرە کە  لە بەرژەوەندیی خۆیاندا بووە و هەڵگرتنی لم و خیز، بڕینی داری دارستانەکان یان دروستکردنی تاپۆ لە ئۆرگانەکانی خۆیان، دەست بەسەر زەوی ‌و زاری خەڵکدا دەگرن.

لەو داواکارییەدا هاتووە، ئێستا باس لەوە دەکرێت کە شوێنی یاریی فووتباڵ کە ساڵانێکه لاوانی ئەو گوندە و گوندەکانی دیکەش تێیدا یاری دەکەن، داگیر کراوە و تاپۆی بۆ دروست کراوە و ئەو کارانە بوونەتە هەوێنی دووبەرەکی و ترازانی تەبایی.

ئێمە وەک چالاکانی ژینگەیی و سیاسی کە هەردەم پشتیوانی بەرژەوەندییە نەتەوەیی و ژینگەیەکانین ئامادەین بۆ هەموو هاوکارییەکی گوندی "قانزالی" هەر وەک چۆن لە ڕابردوودا خەڵکی ئەو گوندە و گوندەکانی دراوسێ لەلایەن ڕێژیمەوە کە لەسەر مافی خۆیان وەدنگ هاتوون بەڵام تاوانبار بە ئاژاوەگێڕی کراون و باجیان داوە.

هاوکات داواکارین وەک چۆن خەڵکی ئەو گوندە پێشتر یەکدەنگ بوونە، ئێستاش هەر ئەو چاوەڕوانییەیان لێ دەکرێت، هیواخوازین بەردەوام بن و ئێمەش بە پشتیوانی خۆیان بزانن.

داواکارین لە هەموو چالاکانی سیاسی، مەدەنی و ژینگەیی و کەسایەتییە نیشتمانپەروەرەکان لە ئاست ئەو کاولکاری و تاڵانە بێدەنگ نەبن.