کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داواکاریی ڕیپۆرتێرانی مافی مرۆڤ بۆ ئێران بێوڵام دەمێنێتەوە

10:50 - 10 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: چەندین ساڵە ڕێپورتێرانی تایبەتی مافی مرۆڤ بۆ کاروباری ئێران، بۆ سەردان لەو وڵاتە داوا لە بەرپرسانی ڕێژیم دەکەن، بەڵام هێشتا داواکارییەکانیان بێوڵام ماوەتەوە.

جاوید ڕەحمان، کە لە مانگی پووشپەڕەوە وەکوو ڕیپورتێری تایبەتی مافی مرۆڤ بۆ کاروباری ئێران هەڵبژێردراوە، لە یەکەمین ڕاپۆرتی خۆیدا داوای لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران کردووە، کۆتایی بە قەدەغەکردنی سەفەری ڕیپورتێرانی تایبەتی مافی مرۆڤ بۆ کاروباری ئێران بێنن و ڕێگایان پێ بدەن سەردانی ئێران بکەن.

جاوید ڕەحمان، وەکوو یەکێک لە چالاکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، نیگەرانیی دەربڕیوە، کە بۆچی ئەم ڕیپورتێرانە نەیتوانیوە سەردانی ئێران بکەن، چونکە گرنگە کە دەستیان بە تەواوی سەرچاوەی زانیارییەکانی مافی مرۆڤ بگات.

ناوبراو لە یەکەمین ڕاپۆرتی خۆیدا نیگەرانیی خۆی لە دۆخی نالەباری مافی مرۆڤ و ژمارەیەک لە پێشێلکارییەکانی ئەو بوارە لە ئێران دەربڕیوە و ئاماژەی بە چەندین خاڵ کردووە، کە وەکوو پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ئێران ئەنجام دەدرێت، کە بریتین: پێشێلکردنی مافی ژیان (لەسێدارەدان)، لەسێداردانی مێرمنداڵان، ئەشکەنجە، نەبوونی ئازادیی کۆبوونەوە، نەبوونی ئازدایی دەربڕین و ڕاوبۆچوون، نەبوونی مافی ژنان، نەبوونی مافی گەلان و کەمینە ئایینییەکان.

جاوید ڕەحمان، هەروەها خوازیاری ئاوڕدانەوە و دانوستان لەسەر هێندێ بابەتگەلێکی دیکە وەکوو: پێشێلکردنی مافەکانی ئابووری، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی، دۆخی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ، دۆخی زیندانییانی دوو ناسنامەیی و تاوانەکانی پێوەندیدار بە ئێعدامی بەکۆمەڵ لە ساڵی ١٣٦٠ هەتاوی بووە، کە نیگەرانیی لە  لای چاوەدێرانی مافی مرۆڤ دروست کردووە.

ڕێژیمی ئێران هەتا ئێستە وڵامی ئەم داواکارییەی نەداوەتەوە، بەڵام پێدەچێت وەکوو داواکارییەکانی پێشتر ڕەت بکرێتەوە، چونکە لە دوایین مانگەکانی چالاکیی عاسمە جەهانگیر، ڕیپۆرتێری مافی مرۆڤ بۆ کاروباری ئێران، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ڕاپۆرتەکانی ناوبراوی بە ناڕاست ناو برد و ڕایگەیاند: کە تاران، "ڕاپۆرتی ئەم ڕیپۆرتێرانە بە فەرمی ناناسێت".