کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داواکاریی کامیۆنداران و ڕێکارەکانی ڕێژیم

12:41 - 3 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: لە ئاکامی ناڕەزایەتیی کامیۆنداران، کە لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێراندا بەڕێوە چووە، دەوڵەتی ڕۆحانی بەڵێنی زیاد بوونی ٢٠ لەسەدیی کرێی بارەکانی پێیان داوە.

ناڕەزایەتی و مانگرتنی کامیۆنداران، ڕۆژی سێشەممە ١ی جۆزەردانی ١٣٩٧ی هەتاوی، دەستی پێ کردووە و هەنووکەش درێژەی هەیە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە لە تۆڕە کۆمەلایەتییەکاندا بڵاو بوونەتەوە، هۆکاری ئەو مانگرتنانە بۆ زۆربوونی تێچووی شتومەکی کامیۆن، حەقی بیمە و باجی ڕێگاکان گەڕێندراوەتەوە، لە حاڵێکدا کرێی باری کامیۆنداران هیچ ئاڵوگۆڕێکی بەسەردا نەهاتووە و بگرە کەمیش کراوەتەوە.

پاش دوو ڕۆژ مانگرتنی کامیۆنداران، بەرپرسانی ڕێژیمی ڕۆحانی بەڵێنی بردنە سەرەوەی ٢٠ لەسەدیی کرێی بارەکانی بە کامیۆنداران داوە.

ڕۆژی چوارشەممە ٢ی جۆزەردانی ١٣٩٧ی هەتاوی، جێگری ڕاگواستنی ئیدارەی ڕێگاوبان ڕایگەیاندووە: "وەزارەتی ڕێگاوبان بە مەبەستی چارەسەریی کێشەی کامیۆنداران، ١٥ تا ٢٠ لەسەد کرێ بارەکان زیاد دەکات".

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی دەرەوەی ئێران، کامیۆنداران و شۆفێران لە پارێزگاکانی خوراسان، هورمزگان، فارس، لوڕستان، کرمان، ئیسفەهان و قەزوین مانیان گرتووە و دەستیان لە کار کشاوەتەوە و خوازیاری پێڕاگەیشتنی حکوومەت بە کێشە و گرفتەکان و بەرچاوگرتنی داواکارییەکانیان بوون.

مانگرتنی شۆفێر تانکەرەکان و کەمیی سووتەمەنی، بووەتە هۆی قەرەباڵغی لە بەردەم بەنزینخانەکاندا.

لە دوایین ڕۆژەکانی خاکەلێوەی ئەمساڵدا، بازاڕییانی چەندین شاری کوردستانی ڕۆژهەڵات و بەتایبەت شاری بانە، بە مەبەستی ناڕەزایەتیدەربڕین بە نیسبەت داخستنی سنوورەکان و پیشگرتن لە کاسبی خەڵک لە لایەن کاربەدەستانی ڕێژیمەوە، دەستیان دایە مانگرتن و ناڕەزایەتیدەربڕینێکی بێوێنە و بە داخستنی دووکان و بازارەکان و کۆبوونەوە لەسەر شەقامەکان و ڕاخستنی سفرەی بەتاڵ، ئەو مانگرتنەیان هەتا ٢٥ ڕۆژ درێژە پێدا.