کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داواکاری مووشەکیی تورکیە لە ناتۆ، پەرچەکرداری لێپرسراوانی رێژیمی ئێرانی لێکەوتەوە

13:42 - 5 سەرماوەز 2712

کوردستان میدیا: دوابەدوای داواکاریی حکوومەتی تورکیە لە ناتۆ بۆ دامەزراندنی سیستمی مووشەکی پاتریووت لە سنووری وڵاتەکەی، لێپرسراوانی رێژیمی ئێران پەرچەکرداریان نیشان دا.
رامین میهمانپەرەست لە لێدوانێکدا بۆ هەواڵدەریی ئیسنا ئاشکرای کردووە، دامەزراندنی ئەو سیستمە مووشەکییە دژی وڵاتی سووریەیە و ئەو هەنگاوە هیچ یارمەتێک بە چارەسەریی قەیرانی سووریە ناکات.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رێژیمی ئێران وتیشی: پێویستە کێشەی سووریە لەرێگای ئاشتیخوازانە چارەسەر بکرێت.
ئەمە لەحاڵێک دایە کە هەتا ئێستا ئەنجومەنی نیشتمانی سووریە و ئەرتشی ئازاد رێژیمی تارانیان بە یارمەتی دانی بەشار ئەسەد بە مەبەستی کوشتنی هاووڵاتیانی مەدەنیی تاونبار کردووە.
هەر لەو پێوەندییەدا فرماندەی سپای پاسدارانیش بوونی هێزەکانی سەر بەو سپایەی لە سووریە پژڕاست کردبووەوە.
هەر لەو پێوەندییەدا عەلی لاریجانی بەرپرسی مەجلیسی رێژیم، وێڕای هوشداری دان بە لێپرسراوانی تورکیە وتوویەتی: دامەزراندنی سیستمی مووشەکی پاتریووت پەرە بە کێشە و ئاڵوزییەکانی ناوچە دەدات.
چەند رۆژ لەمەوبەر حکوومەتی تورکیە بە شێوەی فەرمیی داوای لە ناتۆ کرد، سیستمی مووشەکیی ناتۆ لە سنووری وڵاتەکەی دابمەزرێنن.
تورکیە و سووریە نزیک بە ٩٠٠ کیلۆمیتر سنووری هاوبەشیان پێکەوە هەیە و لە دوای سەرهەڵدانی نائارامییەکانی سووریە ژمارەیەکی بەرچاو لەهاووڵاتییانی ئەو وڵاتە پەنایان بردۆتە بەر وڵاتی تورکیە.
تورکیە لەپێوەندی لەگەڵ ئەو داواکارییەدا رایگەیاندووە، ئێمە بە مەبەستی بەرگری و پاراستنی سنوورەکانمان ئەو داواکارییەمان پێشکەش بە ناتۆ کردووه.