کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داکشانی بەردەوامی نرخی ڕیاڵ، بەرپرسانی ڕێژیمی ناچار بە مامەڵەی کاڵا بە کاڵا کردووە

11:44 - 25 خەزەڵوەر 2720

ڕێژیمی ئێران کە بەهۆی گەمارۆ ئابوورییەکان هەموو ڕێگاکانی ڕاگواستنی دراوی بیانی لێ بەستراوە، و لە چەندین وڵاتدا پاڕەیەکی زۆری لێ بلۆکە کراوە، هەروەها بەهۆی دابەزینی بەردەوامی نرخی ڕیاڵ، لە هەوڵدایە مامەڵەی کاڵا بە کاڵا لەگەڵ وڵاتان ئەنجام بدات.

بەپێی هەواڵدەرییەکانی سەر بە ڕێژیم، سەفەری چەند ڕۆژ لەمەوپێشی ''محەممەدجەواد زەریف'' بۆ وڵاتی پاکستان زیاتر لەو ڕاستایەدا بووە کە ڕەزامەندیی بەرپرسانی پاکستان بەدەست بێنێت کە مامەڵەی کاڵا بە کاڵا لەگەڵ ئەو وڵاتە ئەنجام بدات.

لە دوو ساڵی ڕابردوو بەهۆی گەمارۆکانی ئامریکا مامەڵە بازرگانییەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتان بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و ڕێژیمی ئێران کە ئاستی بازرگانییەکەی لەگەڵ پاکستان بەنیسبەت وڵاتە دراوسێیەکانی زۆر کەم بووە، ئێستا کە گۆشارێکی ئابووری زۆری لەسەرە لە هەوڵدایە ئاستی بازرگانییەکەی لەگەڵ پاکسان پەرە پێ بدات.

ڕادەی بازرگانیی ئێران لەگەڵ پاکستان هەتا ئێستا ساڵێ هەتا یەک میلیارد و نیو دۆلار بووە.

قەیرانی ئابووریی و دابەزینی نرخی دراو لە ئێران پێشتریش بەرپرسانی ئەو ڕێژیمەی هان دابوو کە لەگەڵ وڵاتانێکی وەکوو چین  و ڕووسیە نەوت بە کاڵا بگۆڕنەوە.