کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایکی شەهیدێکی ڕێگای رزگاریی کوردستان لە "سەردەشت" کۆچی دوایی کرد

14:08 - 22 جۆزەردان 2720

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی جۆزەردانی ١٣٩٩ی هەتاوی، دایه "زێڕین حەسەن پوور"، دایکی شەهید "عومەر حەسەن پوور"، خەڵکی سەردەشت"، دوای تەمەنێک پڕسەروەری ماڵاوایی لە ژیان کرد.

دایە "زێڕین" ژنێکی حیزبدۆست و نیشتمانپەروەری ناوچەی سەردەشت بوو کە هەمیشە شانازیی بە ڕێبازی کوڕەکەیەوە دەکرد.

شەهید "عومەر حەسەن پوور" ساڵی ١٣٣٧ی هەتاوی لە گوندی "شیوەسەڵ" سەر بە شاری "سەردەشت" لەدایک بوو.

ناوبراو دوای هێرشی داگیرکەرانی رێژیمی تیرۆریستیی ئێران بۆ سەر خاکی کوردستان، پەیوەست بوو بە ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە و بۆ بەرگریکردن لە نیشتمانەکەی چەکی شەرەفی لە شان کرد.

دەرەنجام شەهید "عومەر" لە ڕێکەوتی ٢٢ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٦٥ی هەتاوی، لە شەڕ و دەرگیرییەکدا دژی ڕێژمی ئاخوندی، لە شوێنێک بە ناوی "قاسمە ڕەش"، تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو.

بنەماڵەی "حەسەن پوور" خاوەنی چەند شەهیدی حیزبی لە‌وانە شەهید "سامان حەسەن پوور" ناسراو بە "سامان شیوەسەڵیـ"ـە.

دایە "زێڕین" هەتا دواساتەکانی ژیانی بە ڕێبازی شەهیدان وەفادار مایەوە.

تەرمی ناوبراو لە "سەردەشت" بە خاکی پیرۆزی نیشتمان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری دایە "زێڕین" دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.