ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٥ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، دایە "کاڵێ شەنگەپوور" دایکی شەهید "سەعید غوڵامی یەگانە" و خوشکی شەهید "ڕەحمان شەنگەپوور" لە شاری "میاندواو" بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
دایە کاڵێ دایکێکی نیشتمانپەروەر و حیزبدۆست بووە و لە ماوەی ژیانی سەربەرزانەی خۆیدا بارهێنانی منداڵەکانی لەسەر ڕێچکەی کوردایەتی و لەسەر ڕێبازی دێموکرات بە ئەرکی تایبەتی خۆی زانیوە و لەسەر ئەو کارەی قەت کۆتایی نەکردووە.
دایە کاڵێ دایکێکی نەترس و بوێر بووە و هەمیشە پشتیوانی پێشمەرگە و هۆگری کوردایەتی بووە.
شەهید "سەعید غوڵامی یەگانە" یەکێک لەو پێشمەرگە قارەمانانە بوو کە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران و بڵێسەسەندنی خەباتی گەلی کورد، هاتە ڕیزی مەشخەڵدارانی حیزبی دێموکرات. ناوبراو پێشمەرگەیەکی ئازا و بوێر بووە و لە مەیدانی خەباتدا لە هیچ فیداکارییەک خۆی نەبواردووە. ناوبراو لە تێکهەڵچوون لەگەڵ هێزەکانی ڕێژیم چووە ڕیزی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستانەوە.
هەروەها شەهید "ڕەحمان شەنگەپوور" برای دایە کاڵێ ئەویش هەر دوای سەرهەڵدانی گەلانی ئێران پەیوەستی ڕیزەکانی شۆڕش لە حیزبی دێموکرات بوو. ناوبراو لە مەیدانی خەباتدا پێشمەرگەیەکی بە بیر و باوەڕ بووە و بەرپرسانە ئەرکەکانی خۆی بەڕێوە بردووە. بەداخەوە ناوبراو لە شەڕی دژی داگیرکەرانی تاران شەهید بوو.
مەرگی دایە کاڵێ خەمێکی قووڵی خستە دڵی خەڵکی میاندواو و ناوچەکە و بە پەژارەوە تەرمی ناوبراویان بە خاکی پیرۆزی کوردستان سپارد.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە خزم و کەسوکاری ناوبراو و بنەماڵەی "شەنگەپوور" و سەرجەم خەڵکی شاری "میاندواو" دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.