کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایکی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان ماڵئاوایی لە ژیان کرد

18:55 - 21 جۆزەردان 2720

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢١ی جۆزەردانی ١٣٩٩ی هەتاوی، حاجیژن "ئامینە مینایی" دایکی شەهید "ئەبووبەکر ئیسماعیلی" لە ئاوایی "بۆبەکتان" سەر بە ناوچەی گەوڕکی سەقز ماڵاوایی لە ژیان کرد.

دایە "ئامین" ژنێکی نیشتمانپەروەر بوو و هەتا دوا ساتەکانی ژیانی بە ڕێبازی کوڕەکەی وەفادار مایەوە.

شەهید "ئەبووبەکر ئیسماعیلی" ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی لە کاتی بە ئەنجام گەیاندنی ئەرکێکی حیزبی کە گواستنەوەی چەکوچۆڵ بۆ پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات بوو، دەسبەسەر کرا.

شەهید "ئەبووبەکر" پاش چەند ساڵ مانەوە لەژێر سەختترین ئازار و ئەشکەنجە لە چاڵە ڕەشەکانی ڕێژیمی ئیسلامی، لە شاری سەقز بە فەرمانی سپای تێرۆریستی پاسداران تیرباران کرا و تێکەڵ بە کاروانی نەمران بوو.

گڵکۆی شەهید ئەبووبەکر لە شاری سەقزه.

کاتێک ناوبراو دەسبەسەر کرا، خێزاندار و باوکی کچێک بوو.

ڕێژیمی تێرۆریستی ئێران هیچ کات بە ڕوونی هەواڵی شەهیدکردنی کاک ئەبووبەکری پشتڕاست نەکردەوە.

هەر لەو ساڵانەدا کاک "مەحموود تەدوو و محیەدین قادری" ناسراو بە "چریک" بە تاوانی ئەندامیەتی لە حیزبی دێموکرات لە زیندانی سەقز بە شێوەیەکی دڕندانە شەهید کران.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای بەداخبوونی خۆی بۆ دایە ئامینە، سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.