کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایکی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان کۆچی دوایی کرد

11:05 - 24 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: دایکی شەهیدێکی سوورخەڵاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە گوندی پاڵنگانی سەر بە کامیاران، مالئاوایی لە ژیان کرد.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٣ی سەرماوەزی ٩٨ی هەتاوی، دایە "گوڵخەندان یووسفی"، دایکی شەهید "بەختیار ئەحمەدی"، خەڵکی گوندی "پاڵنگان"ـی سەر بە شاری کامیاران، بەهۆی پیری و بەساڵاچووییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

شەهید "بەختیار ئەحمەدی" ساڵی ١٣٣٥ی هەتاوی لە گوندی پاڵنگان لە بنەماڵەیەکی مامناوەند، چاوی بە دنیا هەڵهێنا.

شەهید "بەختیار" پێشمەرگەیەکی ڕۆح سووک و لەخۆبردوو و خۆشەویستی هاوڕێیانی بووە. لە مانگی خەرمانانی ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی لە شەڕ و تێکهەڵچونێکدا دژ به داگیرکەرانی کوردستان، لە گوندی "کاشتەر" سەر بە کامیاران، تێکەڵ بە کاروانی سوورخەڵاتی شەهیدانی حیزب و گەل بوو. گڵکۆی شەهید بەختیار" لە گوندی پاڵنگانە.

تەرمی دایە "گوڵخەندان" لە پاڵنگان، لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکە بە خاکی پیرۆزی نیشتمان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکارەکانی دایە "گوڵخەندان" دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.