ڕۆژی چوارشەممە ٩ی گەلاوێژی ١٣٩٩ی هەتاوی، دایە "عایشە خزری" دایکی شەهید "ئەحمەد میرزایی"، خەڵکی گوندی "عەوڵا تەپەسی" سەر بە شاری "بۆکان"، بەهۆی پیری و بەساڵاچووییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
دایە "عایشە" ژنێکی نیشتمانپەروەر بووە و هەردەم شانازیی بە ڕێبازی کوڕەکەیەوە دەکرد.
دوای هێرشی داگیرکەران بۆ سەر خاکی کوردستان، شەهید "ئەحمەد میرزایی" پەیوەست بووە بە ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە و ئەرکی حیزبیی خۆی بەو پەڕی دڵسۆزییەوە بەڕێوە بردووە.
شەهید "ئەحمەد" کەسێکی ئازا و بەجەرگ بووە و لە تەحویلی پایگای "مەڵالەر" بە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات، ڕۆڵێکی کارا و بەرچاوی هەبووە.
ناوبراو لە زۆربەی شەڕەکانی "بۆکان" و "چۆمیمەجیدخانـ"ـدا بەشداریی کردووە.
شەهید "ئەحمەد" پاش دەسبەسەرکرانی لەلایەن ڕێژیمی خوێنمژی ئیسلامیی ئێران بەهۆی تەحویلدانی پایگای "مەڵالەر"، ئێعدام کراوە و تێکەڵ بە کاروانی سوورخەڵاتی شەهیدان بووە.
دایە "عایشە" هەتا دواساتەکانی ژیانی بە ڕێبازی پڕ لە سەروەریی ڕۆڵە شەهیدەکەی وەفادار مایەوە.
تەرمی ناوبراو لە گۆڕستانی "لەگز" لە تەنیشت گڵکۆی شەهید "ئەحمەد" بە خاکی پیرۆزی نیشتمان ئەسپێردرا.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.