دایە "سەلما مینبەری" دایکی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان ماڵاوایی لە ژیان کرد.
ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٩ی پووشپەڕ، دایە "سەلما مینبەری" دایکی شەهید "کەریم مینبەری" یەکێک لە شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان، لە تەمەنی ٩١ ساڵیدا لە نییەر کۆچی دوایی کرد.
دایە سەلما هەتا دوایین ساتەکانی ژیانی بە ڕێبازی کوڕەکەی وەفادار مایەوە.
ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ناوبراو لەنێو ئاپۆرای خەڵکی ناوچەکەدا بەڕێوە چوو و لە کاتی ناشتنیدا سروودی "ئەی ڕەقیب" خوێندرایەوە و ئاڵای کوردستان هەڵ کرا.
هاوکات وەک ڕێز و وەفا بە ڕێبازی شەهید "کەریم"، جامانە و وێنەی شەهید دوکتور قاسملوو لەسەر گڵکۆی دایە سەلما دانرا.
شەهید "کەریم مینبەری'' ساڵی ١٣٤٣ی هەتاوی لە گوندی نییەر لەدایک بوو. دوای هێرشی داگیرکەران بۆ سەر خاکی کوردستان، چەکی پێشمەرگایەتیی بۆ بەرگری لە خاکی کوردستان لە شان کرد.
دەرئەنجام شەهید کەریم لە شەڕ و تێکەڵچوونێکدا لەگەڵ هێزە دژەگەلییەکانی ڕێژیمی تاران، ڕێکەوتی ٩ی بانەمەڕی ١٣٥٩ی هەتاوی، تێکەڵ بە کاروانی شەهیدانی کوردستان بوو.
گڵکۆی شەهید کەریم لە "سنە"یە.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری دایە سەلما دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.