ڕێکەوتی ١٠ی خەزەڵوەری ١٣٩٩ی هەتاوی، دایە "تووبا ئەحمەدی" دایکی شەهید "لەتیف دەروێشی"، خەڵکی گوندی "کانی قەڵا"ی بۆکان ماڵاوایی لە ژیان کرد.
دایە "تووبا" ژنێکی شۆڕشگێڕ و نیشتمانپەروەر و ماڵەکەی شوێنی حەسانەوەی پێشمەرگەکانی هێزی "بەیان" بووە. ناوبراو شانازیی بە ڕێگا و ڕێبازی کوڕە پێشمەرگەکەیەوە دەکرد.
شەهید "لەتیف دەروێشی" ساڵی ١٣٣٥ی هەتاوی لە گوندی "کانی قەڵا" لەدایک بووە. دوای هێرشی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ سەر خاکی کوردستان، پەیوەست بووە بە ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە و لە مەتەرێزی خەبات بۆ گەل و نیشتمانەکەی چەکی پیرۆزی پێشمەرگایەتیی لە شان کردووە.
دەرەنجام شەهید "لەتیف" لە ڕێکەوتی ١٩ی خەرمانانی ١٣٦١ی هەتاوی لە شەڕ و تێکهەڵچوونێکدا دژی ڕێژیمی ئێران لە شوێنێک بە ناوی "هۆرتەکەند" تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو.
بنەماڵەی دایە "تووبا" خاوەن دوو شەهیدی دیکە بە ناوەکانی شەهید "عوسمان دەروێشی" و شەهید "عەبدوڵڵا ئەحمەد دووژنـ"ـن کە گیانی خۆیان پێشکەش بە بارەگای ئازادیی کوردستان کردووە.
تەرمی دایە "تووبا" لە تەنیشت گڵکۆی شەهید "لەتیفـ"ـی کوڕی، لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکەدا بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.