ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٣ی خاکەلێوە دایە "خێڵان سوڵتانی" خەڵکی سەقز دایکی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان ماڵاوایی لە ژیان کرد.
ناوبراو ژنێکی بە ورە و نیشتماندۆست بووە و لەوەیکە کوڕێکی شەهید ببوو هەمیشە بە شانازییەوە باسی لە ڕێبازەکەی دەکرد.
تەرمی دایە "خێڵان" لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکەدا بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.
شەهید "ناسێح ڕۆستەم پوور" ساڵی ١٣٣٩ی هەتاوی لە گوندی "قشڵاق ئەمین بەگ" لەدایک بووە. دوای ئەوەیکە گەیشتووەتە تەمەنی لاویەتی و ڕێژیمی خومەینی هێرشی کردبووە سەر خاکی کوردستان، شەهید "ناسێح" وەک زۆرێک لە لاوانی هاوتەمەنی خۆی پەیوەست بووە بە ڕیزەکانی شۆڕشەوە.
ناوبراو لە حیزبدا بەهۆی لێهاتوویی پلەی کادری دەرجە ٤ی پێ درابوو.
سەرئەنجام شەهید "ناسێح" ڕێکەوی ٢٤ی خەرمانانی ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی لە شەڕێکدا دژی داگیرکەرانی کوردستان لە شوێنێک بە ناوی "خوڕخوڕە" تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو.
گڵکۆی ناوبراو لە گوندی "قشڵاق ئەمین بەگـ"ـه.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری دایە "خێڵان" دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.