کوردستان میدیا: دایە "نەهیە"، دایکی شەهید "کاوە جەوانمەرد" ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کە لە حەماسەی کۆساڵاندا تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو، بە بۆنەی ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
پێشمەرگە ڕزگاریخوازەکان
ڕۆڵە دڵسۆزەکانی کوردستان
ئەو کەسانەی بە ئاگایی تەواوەوە بڕیار ئەدەن ببنە پێشمەرگە، کە لە داوا و ویستە سەرەتایی و نەتەوەیییەکانیان داکۆکی بکەن و ببنە نوێنەری گەلێک و خاکێکی داگیرکراو، بێگومان گەورەترین بەرپرسایەتی کەسێکی شۆڕشگێڕیان بە ئەستۆیە.
هەر بۆیە ئێوەی پێشمەرگە دەبێ هەر ڕۆژ ڕێز لە خەبات و ماندوویینەبوونیتان بگیرێ. ڕۆژتان پیرۆزبێ ئەمەگناسترین ڕۆڵەکانی کوردستان، ۲٦ی سەرماوەز پیرۆز ئەکەم لە ڕێبوارانی ڕێبازە ئاسۆ ڕوونەکەی ڕێبەرانی شەهید و کاکۆ و هاوڕێیەکانی؛ بە ئومیدی سەرکەوتن و سەرفرازی بۆ پێشمەرگەکانی کوردستان و گەیشتن بەو ئامانجە بەرز و پیرۆزانەی کە باشترین ڕۆڵەکانمان گیانیان لە پێناویاندا خەڵات کرد.
دایکی کاکۆ