کوردستان میدیا: دایکی دوو شەهیدی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان، لە شاری مەریوان، ماڵاوایی لە ژیان کرد.
ڕۆژی هەینی، ٢٤ی جۆزەردان، دایە "شەریفە مورادی"، دایکی شەهیدان " تەها و شەمسە ڕۆستەمی"، خەڵکی گوندی "هوویە" لە ناوچەی ژاوەرۆ، بە هۆی نەخۆشی، لە تەمەنی ٧٣ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
دایە "شەریفە"، یەکێک لە دڵسۆزانی بەئەمەگی حیزب و جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان بوو کە ساڵانە یەک دوو جار سەردانی حیزب و بنەماڵەی شەهیدانی دەکرد و کاتێکیش دەگەڕایەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەبێ ئەوەی بترسێت، هەموو جارێک بڵاوکراوەکانی حیزبی لەگەڵ خۆی دەبردەوە و دەیگەیاندە دەستی ئەندامانی حیزب.
شەهید "تەها ڕۆستەمی"، پێشمەرگەی دڵسۆز و ئازای حیزبی دێموکرات، لە ساڵی ١٣٦٢، لە شەڕێکی نابەرابەر لەگەڵ هێزی تیرۆریستیی سپای پاسداراندا، لە هەنجیرانی ناوچەی مەریوان، پاش نواندنی قارەمانەتییەکی بێوێنە، شەهید بوو.
شەهید "شەمسە ڕۆستەمی"، کادری بەوەجی حیزبی دێموکرات، لە ساڵی ١٣٨٢ی هەتاوی، لە گوندی مێراوی ناوچەی سنەدا، وێڕای چەند کەس لە هاوڕێیانی، کەوتنە کەمینی هێزە دژەمرۆیی و داگیرکەرەکانی کوردستان و بەداخەوە شەهید بوو.
شایانی ئاماژەیە کە،"مستەفا ڕۆستەمی"، هاوسەری دایە "شەریفە" و باوکی شەهیدان "تەها و شەمسە"، کە لە ساڵی ١٣٨٤دا کۆچی دوایی کرد، ئەندامی چالاکی حیزبی دێموکرات بووە و چەندین جار لەگەڵ دایە "شەریفە"، لە لایەن جاش و بەکرێگیراوانی هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمەوە، ئازار و ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی دراون و بەردەوام لەژێر گوشاردا بوون.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.