کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایکێکی نیشتمانپەروەر لە تەنگیسەر کۆچی دوایی کرد

11:59 - 16 رەشەمه 2720

حاجییە ''ئەسمەر مورادی'' یەکێک لە ژنە نیشتمانپەروەر و تێکۆشەرەکانی گوندی ''تەنگیسەر'' ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٤ی ڕەشەمە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

حاجییە ''ئەسمەر'' کەسێکی نەتەوەیی، نیشتمانپەروەر و لایەنگری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو هەر بۆیە ماڵی ناوبراو هەموو کاتێک جێگای حەسانەوەی  پێشمەرگەکانی حیزب بووە.

حاجییە ''ئەسمەر'' کەسێکی خۆشەویست و جیگای ڕێزی خەڵکی ناوچەی ژاوەرۆ بووە و لە سەردەمانێک کە گوندی تەنگیسەر هیچ خزمەتگۆزارییەکی پزیشکیی تێدا نەبووە، ناوبراو ئەرکی مامایی لەئەستۆ بووە و بێ بەرانبەر خزمەتی خەڵکی کردووە.

لە ساڵەکانی دەیەی ٦٠ی هەتاویدا کە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران سێ مۆڵگەی لە تەنگیسەر هەبووە،  ناوبراو تیمە تەشکیلاتییەکانی حیزبی دێموکراتی بە دەیان ڕۆژ شاردووەتەوە و پارێزگاریی لێ کردوون. وەک نموونە شەهید ''شوجاع ئەمینی'' و "محەممەد نەجیم محەممەدی'' کە یەک دوو زستان لە ناوچە ماونەتەوە سەرەڕای بوونی پایەگاکانی ڕێژیم لە ماڵی ناوبراودا حەشار دراون.

حاجییە ''ئەسمەر" هەتا دواساتەکانی ژیانی چاوەڕێی ئازادیی نیشتمانەکەی بوو و بەو ئاواتەوە سەری نایەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.