کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایە "ئاهوو زەردوشتیان" ماڵاوایی لە ژیان کرد

11:01 - 9 خەزەڵوەر 2720

دایە "ئاهوو زەردوشتیان" دایکی کاک "تەیموور مستەفایی" پێشمەرگەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و  ئەندامی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کۆچی دوایی کرد.

ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ۸ی خەزەڵوەری ۱۳۹۹ی هەتاوی، دایە "ئاهوو زەردوشتیان"، دایکی کاک "تەیموور مستەفایی" ئەندامی ناوەندی سیاسیی حیزبی دیموکرات، لە تەمەنی ۸۱ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشیی دڵ لە شاری پاوە کۆچی دوایی کرد.

دایە "ئاهوو" ساڵی ١٣١٨ی هەتاوی لە شاری پاوە لە بنەماڵەیەکی ناسراو و خۆشناودا لەدایک بووە. ناوبراو بەهۆی بەشداریی چالاکانەی کوڕ و کچەکەی لە بزووتنەوەی ڕەوای گەلەکەیدا، وێڕای هاوسەرەکەی، خوالێخۆشبوو "غەفوور مستەفایی" و ئەندامانی دیکەی بنەماڵەکەیان، بەردەوام لەژێر زەخت و گوشاری دەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمدا بوون.

 هیچکام لەو گوشارانە نەیتوانی تۆزقاڵێک لە ئیرادە و باوڕی نیشتمانپەروەرانەی ئەندامانی ئەو بنەماڵەیە و ئۆگرییان بۆ ڕێبازی کوردایەتی کەم بکاتەوە و سەرەڕای هەموو تەنگ و چەڵەمەکان، دەیان جار بە تێپەڕین لە بەربەستەکانی سەر ڕێگا، سەردانی بنکەکانی پێشمەرگە لە شار و ناوچە جیاجیاکانی کوردستانی کردووە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.