کوردستان میدیا

یەکشەممە 3ی رێبەندان 2721
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایە "بانوومیر بادبدەست" دایکی شەهید "مستەفا مەعرووفی" لە مەهاباد کۆچی دوایی کرد

11:25 - 13 بەفرانبار 2721

ڕێکەوتی ١٢ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی، دایە "بانوومیر بادبدەست" دایکی شەهید "مستەفا مەعرووفی"، دوای تەمەنێکی پڕ لە سەروەری بەهۆی نەخۆشییەوە لە گوندی "مەڕانە"ی مەهاباد ماڵاوایی لە ژیان کرد.

دایە "بانوومیر" ژنێکی نیشتمانپەروەر و حیزبدۆست بووە و هەمیشە شانازیی دەکرد کە کوڕێکی گیانی پاکی لە ڕێگای ئازادی و سەربەستیی کوردستان بەخت کردووە.

شەهید "مستەفا مەعرووفی" پاش هێرشی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر خاکی کوردستان و بەهۆی هەستی نیشتمانپەروەرییەوە پەیوەست بووە بە ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە و بۆ داکۆکی لە مافی ڕەوای گەلەکەی چەکی پیرۆزی پێشمەرگایەتیی لە شان کردووە.

ناوبراو لە مەترێزی خەباتدا پێشمەرگەیەکی بە ورە بووە و ئەرکە حیزبییەکانی بوێرانە بەڕێوە بردووە.

دەرەنجام شەهید "مستەفا" لە ڕێکەوتی ٥ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی، لە شەڕ و دەرگیرییەک دژی ڕێژیمی ئێران و پاش گرتنی پایەگایەک لە "زاوابووکان" سەر بە مەهاباد، تێکەڵ بە کاروانی هەرگیز نەمران بوو.

دایە "بانوومیر" هەتا دواساتەکانی ژیانی بە ڕێگا و ڕێبازی شەهیدان وەفادار مایەوە. تەرمی ناوبراو لە زێدی خۆی بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری دایە "بانوومیر بادبدەست" دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.