ڕێکەوتی ٢٣ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، دایە "خەدیجە ئەمینی"، هاوسەری خوالێخۆشبوو حاجی "حوسێن مەحموودی" و دایکی شەهید "ساڵح مەحموودی"، خەڵکی مەهاباد، دوای تەمەنێکی سەربەرزانە، ماڵاوایی لە ژیان کرد.
دایە "خەدیجە"، ژنێکی نیشتمانپەروەر و حیزبدۆست بووە و هەتا سەر شانازیی بە ڕێبازی ڕۆڵە شەهیدەکەیەوە دەکرد.
شەهید "ساڵح مەحموودی"، ساڵی ١٣٤٠ی هەتاوی لە مەهاباد لەدایک بووە.
ناوبراو دوای هێرشی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر خاکی کوردستان، پەیوەست بووە بە ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە و چەکی بەرگری لە گەل و نیشتمانەکەی لە شان کردووە و لە مەتەرێزی خەباتدا، ئەرکە حیزبییەکانی بوێرانە بەڕێوە بردووە.
دەرەنجام شەهید "ساڵح" لە ڕێکەوتی ٧ی گەلاوێژی ١٣٦٢ی هەتاوی، لە دەرگیرییەکدا دژی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە مەهاباد، شەهید و تێکەڵ بە کاروانی هەرگیز نەمرانی مێژوو بووە.
دایە خەدیجە هەتا دوا هەناسە، بە ئاواتی هەڵاتنی خۆری ڕزگاریی نیشتمان و وەدیهاتنی ئامانجی شەهیدان ژیانی بەسەر دەبرد. تەرمی ناوبراو لە زێدی خۆی بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری دایە خەدیجە دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.