کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایە "خەزێم ڕەحیمی" دایکی شەهید "ئەبووبەکر حەسەن ‌بارام" کۆچی دوایی کرد

11:57 - 27 رێبەندان 2720

ڕێکەوتی ٢٦ی ڕێبەندان دایە "خەزێم ڕەحیمی" دایکی شەهید "ئەبووبەکر حەسەن ‌بارام"، خەڵکی گوندی "میراوا"ی بۆکان، بەهۆی پیری و بەساڵاچووییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

دایە "خەزێم" لە ماوەی ژیانی پڕسەروەریی خۆیدا، هەمیشە شانازیی بەوەوە دەکرد کە جگەرگۆشەیەکی بۆ بەرگری لە ماف و ئازادیی گەلەکەی، گیانی خۆی پێشکەش بە خاکی کوردستان کردووە. 

شەهید "ئەبووبەکر حەسەن ‌بارام" لەدایکبووی ساڵی ١٣٤٤ لە گوندی "چواردیوار"ە. ناوبراو دوای پەیوەستبوونی بە هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە، لە پێناو بەرگری لە نیشتمانەکەی چەکی شەرەفی لە شان کردووە و لە هێزی "بەیان" سازمان دراوە و ئەرکە حیزبییەکانی بوێرانە بەڕێوە بردووە.

دەرەنجام شەهید "ئەبووبەکر" ڕێکەوتی ٤ی گەلاوێژی ١٣٦٣ی هەتاوی لە دەرگیرییەک دژی ڕێژیمی ئێران لە گوندی "قالوێ" تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو.

دایە "خەزێم" هەتا دواساتەکانی ژیانی بە ئاواتی هەڵاتنی خۆری ڕزگاریی نیشتمان ژیانی بەسەر دەبرد. تەرمی ناوبراو لە زێدی خۆی بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری دایە "خەزێم" دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.