کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایە "زوبەیدە شەرافەتی" دایکی شەهید "عەلی جەهانگیری" لە مەهاباد کۆچی دوایی کرد

10:45 - 9 رێبەندان 2720

ڕێکەوتی ٨ی ڕێبەندان، دایە "زوبەیدە شەرافەتی"، دایکی شەهید "عەلی جەهانگیری"، خەڵکی "مەهاباد"، دوای تەمەنێک پڕ لە شانازی ماڵاوایی لە ژیان کرد.

دایە "زوبەیدە"، کەسێکی بەهەست و نیشتمانپەروەر بووە و هەردەم شانازیی بە ڕێبازی کوڕەکەیەوە دەکرد.

شەهید "عەلی جەهانگیری"، ساڵی ١٣٤١ی هەتاوی لە مەهاباد لە دایک بووە.

دوای هێرشی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ سەر خاکی کوردستان، پەیوەست بووە بە ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە و بۆ بەرگری لە خاک و نیشتمانەکەی چەکی پیرۆزی پێشمەرگایەتیی لە شان کردووە.

شەهید "عەلی"، لە هێزی "بەرگری" سازمان درابوو و پێئەسپێردراوە حیزبییەکانی دڵسۆزانە بەڕێوە بردووە.

دەرەنجام شەهید "عەلی"، لە ڕێکەوتی ٢ی خەزەڵوەری ١٣٦٠ی هەتاوی، لەلایەن ڕێژیمەوە لە شاری مەهاباد ئێعدام کرا و تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو.

دایە "زوبەیدە"، هەتا کۆتایی ژیانی بە ئاواتی هەڵاتنی خۆری ڕزگاریی نیشتمان، ژیانی بەسەر دەبرد. تەرمی ناوبراو لە زێدی خۆی بە خاکی پاکی نیشتمان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری دایە "زوبەیدە" دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.