کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایە "عایشە عەلیپوور" دایکی شەهید "عوسمان ڕەحمانی" لە شنۆ کۆچی دوایی کرد

12:35 - 15 رێبەندان 2720

ڕێکەوتی ١٢ی ڕێبەندانی ١٣٩٩ی هەتاوی، دایە "عایشە عەلیپوور"، دایکی شەهید "عوسمان ڕەحمانی"، خەڵکی گوندی "سینگان" و دانیشتووی شنۆ، لە تەمەنی ٩٦ ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.

دایە "عایشە" خاوەن بنەماڵایەکی حیزبی و شۆڕشگێڕ بووە. دوو کوڕی ناوبراو بە ناوەکانی خوالێخۆشبوو "ئەبووبەکر ڕەحمانی" و شەهید "عوسمان ڕەحمانی"، لە مەتەرێزی خەبات بۆ گەل و نیشتمانەکەیان پەیوەست بە ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە بوونە.

شەهید "عوسمان ڕەحمانی"، ساڵی ١٣٤٦ی هەتاوی لە گوندی "سینگان" لەدایک بووە.

دوای چوونە نێو ڕیزی خەباتگێڕانی ڕێگای ئازادی، بۆ بەرگری لە خاک و گەل، چەکی پێشمەرگایەتیی لە شان کردووە و ئازایانە تێکۆشانی هەبووە.

دەرەنجام شەهید "عوسمان"، لە ڕێکەوتی ٢١ی پووشپەڕی ١٣٦٧ی هەتاوی، لە شەڕ و تێکهەڵچوونێکدا دژی ڕێژیمی ئێران، لە چیای "داڵانپەڕ" تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو. گڵکۆی ناوبراو لە "چۆمی سەرکەمـ"ـە.

هەروەها کاک "ئەبووبەکر ڕەحمانی" کوڕەکەی دیکەی دایە "عایشە" پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بووە کە لە ساڵی ١٣٧١ی هەتاوی لەسەر ئیزنی حیزب گەڕایەوە نێوخۆی وڵات و وەکوو ئەندامێکی دڵسۆز و چالاک هەتا دواساتەکانی ژیانی درێژەی بە تێکۆشان داوە.

تەرمی دایە "عایشە" لە شاری شنۆ بە خاکی پاکی نیشتمان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.