کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایە "فاتمە باپیر" دایکی شەهید "محەممەد ئیسماعیلی" کۆچی دوایی کرد

16:02 - 23 رێبەندان 2720

ڕێكەوتی ٢٢ی ڕێبەندانی ١٣٩٩ی هەتاوی، دایە "فاتمە باپیر"، دایکی شەهید "محەممەد ئیسماعیلی"، خەڵكی پیرانشار، دوای تەمەنێک سەربەرزانە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

 دایە "فاتمە"، ژنێکی نیشتمانپەروەر و حیزبدۆست بووە و هەر دەم شانازیی دەکرد کە جگەر گۆشەیەکی گیانی خۆی لە ڕێگای ئازادی و سەربەستیی کوردستان فیدا کردووە.

شەهید "محەممەد ئیسماعیلی" ناسراو بە "کوردە"، لە گوندی "زێوە" لەدایک بووە.

دوای پەیوەستبوونی بە ڕیزەکانی خەبات، بۆ بەرگری لە گەل و نیشتمانەکەی چەکی پیرۆزی پێشمەرگایەتیی لە شان کردووە و پێئەسپێردراوە حیزبییەکانی دڵسۆزانە بەڕێوە بردووە.

دەرئەنجام شەهید "محەممەد'' لە ڕێكەوتی ٢١ی خەرمانانی ١٣٦١ی هەتاوی و لە دەرگیرییەکدا دژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە  گوندی "قەڵاتەڕەش"، تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو. گڵکۆی ناوبراو لە "ئاڵوەتانـ"ـە.

دایە فاتمە هەتا دوا هەناسەی ژیانی بە ئاواتی هەڵاتنی خۆری ڕزگاریی نیشتمان ژیانی بەسەر دەبرد. تەرمی ناوبراو لە زێدی خۆی بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.