کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایە "نازدار عەزیزی" دایکی شەهید "ڕەحمان ئیبراهیمی" لە بۆکان کۆچی دوایی کرد

10:42 - 13 سەرماوەز 2720

دایە "نازدار عەزیزی" دایکی شەهید "ڕەحمان ئیبراهیمی" ناسراو بە "ڕەحمان بوڵدزێر"، خەڵکی گوندی "قەڵای عەلاکۆ"ی ناوچەی ئاڵەشینی بۆکان، بەهۆی پیری و بەساڵاچووییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

دایە "نازدار" ژنێکی نیشتمانپەروەر بووە و هەمیشە شانازیی بە ڕێبازی کوڕەکەیەوە دەکرد.

شەهید "ڕەحمان ئیبراهیمی" ساڵی ١٣٤٠ی هەتاوی لە گوندی "قەڵای عەلاکۆ" لەدایک بووە. دوای هێرشی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ سەر خاکی کوردستان، پەیوەست بووە بە ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە و وەکوو "جێگرلک" ئەرکە حیزبییەکانی چالاکانە بەڕێوە بردووە.

ناوبراو لە داوێکی هێزەکانی دوژمندا و لە نزیک گوندی "قاجر"ی ناوچەی پیرمحەممەدی بۆکان بە برینداری کەوتووەتە دەست هێزەکانی ڕژیم و بۆ ماوەی چەند ساڵ لە زیندانەکانی ڕژیمدا لەژێر ئەشکەنجە و ئازاردا پێشمەرگانە دەژیا و تەسلیمی ویست و داخوازییەکانی دوژمن نەبوو.

کاتێک هێزەکانی ڕێژیم شەهید "ڕەحمانـ"ـیان برد لە مزگەوتی جامیعەی شار لە پێش چاو و گوێی خەڵک دانپێدانانی زۆرەملێ و داوای پەشمانیی لێ بخوازن، ئازایانە و لەخۆبوردووانە شانازیی بە خەبات و پێشمەرگایەتی و ئەندامەتی لە حیزبی دێموکرات کرد و ڕایگەیاند کە هەتا دواهەناسەی ژیانی بە ڕێبازی حیزبەکەی وەفادار دەمێنێتەوە، هەر بۆیە دەیگەڕێننەوە بۆ زیندانی "میاندواو" و لەوێ گولـلەبارانی دەکەن.

تەرمی دایە "نازدار" لە زێدی خۆی بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.