ڕێکەوتی ٢٠ی ڕێبەندان، دایە "هاجەر عەبدوڵڵاهی"، هاوژینی شەهید "عەلی زەمیاد"، خەڵکی مەهاباد، دوای تەمەنێک پڕ سەروەری، بەهۆی بەساڵاچووییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
دایە "هاجەر"، کەسێکی نیشتمانپەروەر و حیزبدۆست بووە و هەتا کۆتایی ژیانی، بە هاوژینەکەی شەهید "عەلی زەمیاد" و هەروەها بە ڕێبازی شەهیدانی کوردستان وەفادار مایەوە.
شەهید "عەلی زەمیاد"، ناسراو بە "عەلی مام قادری"، دوای هێرشی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر خاکی کوردستان، بەهۆی هەستی کوردایەتی و نیشتمانپەروەرییەوە، پەیوەست بووە بە ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە و بۆ بەرگری لە خاک و گەل، تێکۆشان و خەباتی کردووە.
دەرەنجام شەهید "عەلی" لە ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی و لە شەڕێکی نەخوازراودا لە مەهاباد تێکەڵ بە کاروانی سوورخەڵاتان بوو. گڵکۆی ناوبراو لە شارۆچکەی "گۆیکتەپە"یە.
دایە "هاجەر" هەتا دوا هەناسە بە ئاواتی هەڵاتنی خۆری ڕزگاریی نیشتمان و وەدیهاتنی ئامانجەکانی شەهیدانی کوردستان ژیانی بەسەر دەبرد.
تەرمی ناوبراو لە زێدی خۆی بە خاک ئەسپێردرا.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری دایە "هاجەر" دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.