کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دایە "ئەستی پەریخانی" کەسایەتییەکی خۆشناو لە نەڵۆس کۆچی دوایی کرد

12:14 - 17 سەرماوەز 2720

ڕێکەوتی ١١ی سەرماوەزی ١٣٩٩ی هەتاوی، کاسایەتییەکی خۆشناو و نیشتمانپەروەر بە ناوی دایە "ئەستی پەریخانی" لە شارۆچکەی "نەڵۆس" بەهۆی نەخۆشییەوە لە تەمەنی ٧٥ ساڵیدا ماڵاوایی لە ژیان کرد.

دایە "ئەستی پەریخانی" ناسراو بە "ئەستی قەدیفە" لە ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی، لە گوندی "گردەسوور"ی پیرانشار لەدایک بووە. بۆ درێژەی ژیان بەرەو گوندی "جەڵدیان" کۆچیان کردووە.

ناوبراو لەگەڵ خوالێخۆشبو کاک "عەبدوڵڵا قادریزاد" ژیانی هاوبەشی پێک هێناوە. کاک "عەبدوڵڵا" لە هاوینی ساڵی ١٣٦٨ لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ ماوەی ١٤ مانگ لە گرتووخانەکانی ڕێژیم ئازار و ئەشکەنجە دراوە. لەو ماوەیەدا دایە "ئەستی" خۆی هەموو ئەرکە حیزبییەکانی پتەوتر لە ڕابردوو بەڕێوە بردووە.

ئەو کەسایەتییە خۆشناوە، لە خزمەتکردن بە هێزەکانی پێشمەرگە لە هەموو ساتەکانی ڕۆژە سەختەکان، ماندوویینەناسانە ئەرکەکانی خۆی بەجێ گەیاندووە. تەرمی دایە "ئەستی" لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی نەڵۆس و ناوچەی شنۆ بە خاک ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.