کوردستان میدیا: دوای تێپەڕینی نزیک بە دوو ساڵ بەسەر بوومەلەرزەی پارێزگای کرماشان، هێشتا بەشێکی زۆری خانوو و ماڵەکانی، دروست نەکراونەتەوە و خەڵک لەنێو چادر و کانێکسەکاندا ژیان بەسەر دەبەن.
"فەرهاد تەجەری"، بەناو نوێنەری قەسری شیرین، سەرپێڵ زەهاو و گێڵان غەرب، لە مەجلیسی ڕێژیمدا، لەبارەی ئاوەدانکردنەوەی ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکانی پارێزگای کرماشان، بۆ هەواڵدەری "تەسنیمـ"ـی سەر بە ڕێژیم دواوە و ڕایگەیاندووە کە بڕیار بووە هەتا مانگی خەرمانانی ئەمساڵ، پرۆژەی دروستکردنەوەی ماڵە ڕووخاوەکانی ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان تەواو ببێت، بەڵام بە چاولێکردن لە ڕەوتی کاری ئیدارەی "بونیادی مەسکەن"، تەواوکردنی ئەم پرۆژەیە لەو کاتەدا، ناشۆ دیارە.
تەواونەکردنی پرۆژەی ئاودانکردنەوەی ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان لە کاتێکدایە کە هێشتا کێشە و گرفتی دابینکردنی زەوی بۆ بوومەلەرزەلێدراوەکان یەکلایی نەکراوەتەوە.
لە کاتی ڕوودانی بوومەلەرزە لە پارێزگای کرماشان، کە ئەوە دوو ساڵی بەسەردا تێدەپەڕێت و زەرەر و زیانێکی زۆری گیانی و ماڵی لێکەوتەوە، هەتا ئێستا بەرپرسانی ڕێژیم جگە لە دانی بەڵێنیی درۆ، هیچ کارێکی دیکەیان ئەنجام نەداوە.
سەرەڕای زیانەکانی بوومەلەرزە، لە کاتی هاتنی لافاوی ئەمساڵیشدا، ئەم ناوچانە ژێر ئاو کەوتن و چادر و کانێکسەکانیان لەدەست دا.