کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

درێژکردنەوەی ماوەی دۆخی نائاسایی ئامریکا دژی ڕێژیمی ئێران

10:44 - 14 رەشەمه 2721

سەرکۆماری ئامریکا لە نامەیەکدا بۆ سەرۆکایەتیی مەجلیسی نوێنەران و سێنای ئەو وڵاتە دۆخی نائاسایی لەبەر مەترسیە شاراوەکانی ڕێژیمی ئیرانی درێژ کردەوە.

"جۆ بایدن" سەرکۆماری ئامریکا رۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٣ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی بە ناردنی نامەیەک بۆ سەرۆکایەتیی دوو مەجلیسی سێنا و نوێنەران، بە جەخت کردنەوە لەسەر نائاسایی‌بوونی پەیوەندییەکانی نێوان ڕێژیم ئێران و دەوڵەتی ئامریکا، دۆخی نائاسایی ئەو وڵاتەی سەبارەت بە ڕێژیمی ئێران بۆ ماوەی ساڵێکی‌ تر درێژ کردەوە.

دوای دوو ساڵ لە بە دەسەڵاتگەیشتنی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە ساڵی ١٣٥٩ی هەتاویدا، ڕێژیمی ئێران و دەوڵەتی ئامریکا بۆ کۆتاییهێنان بە پرسی بارمتەگیری لە باڵوێزخانەی ئامریکا لە تاران ڕێککەوتن، بەڵام هەندێک لە ناورۆکی ئەو ڕێککەوتنە هەتا ئێستاش دوای ٤٣ ساڵ بەڕێوە نەچووە و بەردەوام وەکوو خۆی ماوەتەوە.

ساڵی ١٩٧٩ی زایینی بەرامبەر بە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی، جیمی کارتێر سەرکۆماری ئەو کاتی ئامریکا سەبارەت بە ڕێژیمی ئێران دۆخی نائاسایی ڕاگەیاند و ئەو دۆخە دواتر لەلایەن هەموو سەرکۆمارەکانی ئامریکا درێژ کراوەتەوە؛ ئەو گەمارۆیانە کە دەوڵەتی ئامریکا لە دەورانی سەرکۆماری جیمی کارتێر بۆ یەکەم جار دژی ڕێژیمی ئێران پەسندی کرد، ڕێگری لە چالاکییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ئامریکا گرت.

دواتر "بیل کلینتۆن" سەرکۆماری ئەو کاتی ئامریکا ساڵی ١٣٧٣ی هەتاوی ڕێژیمی ئێران وەک پشتیوانی تێرۆریزم ناساند و دۆخی نائاسایی دژی ئەو ڕێژیمە ڕاگەیاند.

"جۆ بایدن" باسی لەوە کردووە مووشەکەکانی حیزبووڵڵا لە سنوورەکانی باکووری ئیسرائیل، داعش و گرووپی ئەلنووسرە لە باکوو و ڕۆژهەڵات و بەرنامەی ناوکی رێژیمی ئێرانی هەڕەشەیەک بۆ ئەمنییەتی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهان وەسف کردووە و جەختی کردووەتەوە کە ئامریکا بە هیچ شێوازێک ناهێڵێت کە ڕێژیمی ئێران دەستی بە چەکی ناوکی بگات.