کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

درێژەی کۆبوونەوەکانی شاندی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدێراڵ لە ئەمریکا

22:09 - 22 جۆزەردان 2714

کوردستان میدیا: شاندی نوێنەرایەتیی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدێراڵ لە ئامریکا لەگەڵ چەندین ئەندام کۆنگرەی ئەو وڵاتە و چاوەدێری مافی مرۆڤ (Human Rights Watch) کۆبوویەوە.
به پێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی سێ‌شەممە ٢١ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی، شاندی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدێراڵ لە درێژەی دیدارەکانی لەشاری واشینگتۆن، چەند دیدارێکی پێک‌هێنا.
لە چوارچێوەی دیدارەکانی شاندی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ، ئەو شاندە لەگەڵ چەندین لایەن و ئەندام کۆنگرەی سەر بە هەردوو حیزبی دێمۆکرات و کۆماریخواز دیدار و چاوپێکەتنیان پێک‌هێنا.

هەروەها شاندەکە لەگەڵ کۆمیتەی پێوەندیەکانی دەرەوەی وڵاتی حیزبی دێمۆکراتی ئەمریکا و رێکخراوی چاوەدێری مافی مرۆڤ (Human Rights Watch)‌چاوپێکەوتنی کرد.
لەم دیدارانەدا لوقمان ئەحمەدی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێموکرات، نیگەرانی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵی سەبارەت بە ئەوەیکە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا تەنیا دوو ئاڵتەرناتیڤی رێککەوتن یا هێرشی نیزامی بۆ رووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ رێژیمی ئێران دەبینن، دەربڕی.
شاندی نوێنەرایەتیی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدێراڵ لەو کۆبوونەوانەدا، پشتیوانی لە حیزب و رێکخراوە دێمۆکراتیکەکانی ئۆپۆزسیۆنی رێژیمی ئێران وەکوو ئاڵتێرناتیڤی سێیەم خستە بەر باس و ئەم بابەتەیان تاوتوێ کرد.

شاندی کۆنگرەی نەتەوەکان هەروەها باسی لەوەش کرد، کە هەندێک لایەنی ئێرانی بە ناو ئۆپۆزیسیۆنەوە زانیاری نادروست سەبارەت بە بارودۆخی ناوخۆی ئێران بڵاو دەکەنەوە و دژایەتیی سیاسەت و داخوازییەکانی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدێراڵ دەکەن.

لوقمان ئەحمەدی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لەو کۆبوونەوانەدا سەبارەت بە پرسی ناوکی و پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لەلایەن رێژیم ئێرانەوە گوتی: تەنانەت ئەگەر کۆمەڵگەی جیهانیش لەگەل رێژیمی ئێران لەسەر کێشەی ناوکی بگەنە رێکەوتن، کۆماری ئیسلامی هەر وەکوو مەترسیەکی گەورە بۆ سەر ئاشتی و سەقامگیری لە ناوەچەکە و جیهان‌دا دەمێنێتەوە و لە پشتیوانی تیرۆریزم و دەستتێوەردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچە بەردەوام دەبێت، هەر بۆیە پێویستە هەوڵ بدرێت کە ئەم ڕێژیمە بگۆڕدرێت و سیستیمێکی دێمۆکراتیک و فێدراڵ لە ئێراندا بێتە سەر کار، کە لە بەرژەوەندی نەتەوەکانی ئێران و هەروەها وڵاتانی ناوچە و کۆمەڵگەی نێونەتەوەیدا دەبێت.

لوقمان ئەحمەدی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێموکرات و ناسر بۆلیدەیی سەرۆکی حیزبی خەڵکی بەلووچستان شاندی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدێراڵیان پێکهێنابوو.