
بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لە یەکێک لە لقەکانی بانکی "میللی" هەڵکەوتوو لە شەقامی ئینقلاب ڕووبەڕووی زانکۆی تاران، نزیک بە ٢٥٠ سەندووق کە ئەمانەتی هاووڵاتییانی تێدا بووە، دزراوە.
زانیارییەکان باس لەوە دەکەن، لە ماوەی ئەو سێ ڕۆژەدا کە لە کاتی ساڵمەرگی "خومەینی" پشوو ڕاگەیەندراوە، ئەو دزییە ڕووی داوە و هاوکاتیش لە ڕێگای کورتەنامەوە بەڕێوەبەری بانک ئاگادار کراوەتەوە، بەڵام بایەخی پێ نەداوە.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی مێهر، بانکی میللی لە ئامارێکی فەرمیدا ڕایگەیاندووە ١٦٨ سەندووق لەو بانکە دزراوە، ئەوە لە حاڵێکدایە کە میدیاکانی وەک "هەواڵنێرانی جەوان و مێهر"ی سەر بە ڕێژیم ڕێژەی سەندووقە دزراوەکانیان بە ڕیز ٢٠٠ و ٢٥٠ سەندووق ڕاگەیاندووە.
هەتا ئێستا ئامارێکی فەرمی لە ڕێژەی خەسارەتی ماڵی کە وەبەر هاووڵاتییان گەیشتووە لەلایەن ئەو بانکەوە ڕانەگەیەندراوە.
بەرپرسانی ڕێژیم بۆ مانەوەی دەسەڵات و قەرەبووکردنەوەی کێشەی ماڵی کە لەگەڵی بەرەوڕوون لە هەر ڕێگایەک کەڵک وەردەگرن و بەم شێوەیە باوەڕ و متمانەی هاووڵاتییان بەو ڕێژیمە ڕۆژ بەڕۆژ کەمتر دەبێتەوە.