کوردستان میدیا

دووشەممه 28ی رێبەندان 2719
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ده‌زگای په‌روه‌رده‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ پێنجه‌مین خولی ده‌وره‌كانی ئاستی ٢ به‌شی یه‌كه‌می به‌ڕێوه‌ برد

12:39 - 22 رێبەندان 2719

سه‌رله‌به‌یانی ڕۆژی دووشه‌مه‌ ٢١ی ڕێبه‌ندان له‌ ڕێوڕه‌سمێكدا ده‌زگای په‌روه‌رده‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ كۆتایی به‌ ده‌وره‌یه‌كی دیكه‌ له‌ ده‌وره‌كانی ئاستی ٢ به‌شی یه‌كه‌م هێنا.

رێوڕه‌سمه‌كه‌ به‌ سروودی نه‌ته‌وایه‌تی "ئه‌ی ڕه‌قیب" و ڕاگرتنی خوله‌كێک بێده‌نگی بۆ ڕێزگرتن له‌ شه‌هیدانی كورد و كوردستان ده‌ستی پێكرد.

 دواتر "لوقمان مێهفه‌ر" ئه‌ندامی هه‌یئه‌تی ئیجرایی ناوه‌ندی سیاسیی حیزبی دێموکرات چه‌ند وته‌یه‌كی پێشكه‌ش به‌ به‌شداربووانی ده‌وره‌كه‌ كرد.

مێهفه‌ر له‌ ده‌سپێكی قسه‌كانیدا وێرای پیرۆزبایی له‌ به‌شداربووانی ده‌ورەی ئاستی ٢ به‌شی یه‌كه‌م باسێكی سه‌باره‌ت به‌ گرینگیی په‌روه‌رده‌ بۆ حیزبی دێموكرات كرد.

ناوبراو باسی له‌وه‌ كرد كه‌ حیزبی دێموكرات هه‌ر له سه‌ره‌تای دامه‌زراندنییه‌وه‌ و له‌ سه‌رده‌می كۆماری كوردستان گرینگی به‌ په‌روه‌رده‌ داوه‌ له‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا به‌ ناردنی پۆلێک له‌ ئه‌ندامانی حیزب بۆ باكۆ له‌ ئازه‌ربایجانی یه‌كیه‌تیی سۆڤیه‌ت هه‌وڵی داوه‌ كه‌ كۆمه‌ڵێک كادری تێگه‌یشتوو و پێگه‌یشتوو په‌روه‌رده‌ بكا كه‌ بتوانن خزمه‌ت به‌ كۆماری كوردستان و خه‌ڵكی كورد بكه‌ن و هه‌روه‌ها باسیان له‌ به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وره‌كانی كادری كرد كه‌ له‌ دەیه‌ی ٣٠ به‌ هیمه‌تی دوكتور قاسملوو به‌ڕێوه‌ چوون.

ناوبراو هه‌روه‌ها باسیان له‌وه‌ كرد كه‌ دوای سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی گه‌لانی ئێران و ده‌ستپێكردنی تێكۆشانی ئاشكرای حیزب، حیزبی دێموكرات به‌ ده‌یان خولی كادری له‌ ئاسته‌ جیاجیاكاندا به‌ڕێوه‌بردووه‌ و ئه‌مه‌ی به‌ نیشانه‌ی گرینگی پێدانی حیزبی دێموكرات به‌ پرسی په‌روه‌رده‌ زانی.

"لوقمان مێهفه‌ر" له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا ئاماژه‌ی ئه‌وه‌ كرد كه‌ كادر كێیه‌ و ئه‌ركه‌كانی چین و وتی كه‌ كادر ده‌بێ خاوه‌نی كۆمه‌ڵێک تایبه‌تمه‌ندی به‌رز و به‌رچاوی سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی، ئینسانی بێ تا بتوانێت ته‌یار بێت به‌ زانست و زانیاری بۆ ئه‌وه‌ی توانای شی كردنه‌وه‌ی سیاسه‌ت و بڕیاراتی حیزبه‌كه‌ی به‌ شێوه‌یه‌كی ڕێک‌وپێک و دروست له‌ نێو كۆمه‌ڵانی خه‌ڵک هه‌بێ و چه‌ند تایبه‌تمه‌ندییه‌كی كادری ده‌ستنیشان كرد كه‌ بریتی بوون له‌ :

كادر ده‌بێ باوه‌ڕ به‌ خۆبوونی هه‌بێ ، پێڕه‌ویكردن له‌ بریاره‌كان و بڕیاردان، دادپه‌روه‌ربوون، به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی زانیاری، كادر نوخبەی حیزب و كۆمه‌ڵگا بێ ، ڕێزگرتن له‌ خه‌ڵک، كادر سه‌رمایه‌ی مه‌عنه‌وی و ماددی ڕێكخراو و چه‌ند تایبه‌تمه‌ندییه‌كی دیكه‌ی كادر و هه‌روه‌ها پێویستی كادر بۆ ڕێكخراو و حیزب.

"مێهفه‌ر" له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا باسی له‌ تایبه‌تمه‌ندی خه‌باتی كورد كرد و وتی کە خه‌بات كورد خه‌بات بۆ یه‌كسانی و ئازادیی ماف و حقووقی ئینسانییه‌، هه‌ربۆیه‌ كادری حیزبی ده‌بێ به‌گرینگییه‌وه‌ بڕوانێته‌ ئه‌و ئه‌سڵه‌ و هه‌رگیز فه‌رامۆشی نه‌كا، چوونكه‌ كادر سه‌رمه‌شقی هه‌ڵسووكه‌وت و مامه‌ڵه‌ی جێی په‌سه‌ندی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكه‌.

"لوقمان مێهفه‌ر" له‌ قسه‌كانی دا ئاوڕێكی كورتی له‌ دۆخی ئێران و ناوچه‌كه‌ و كورد دایه‌وه‌ و باسیان له‌وه‌ كرد كه‌ ئاڵوگۆڕه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی خێرا و زۆرجار پێشبینی نه‌كراو ده‌ڕۆنه‌ پێشێ و ده‌بێ خوێندنه‌وه‌مان بۆ ئه‌م ئاڵوگۆڕانه‌ هه‌بێ و ئاڵترناتیڤمان بۆ پێشهاته‌كانی داهاتوو هه‌بێ.

سه‌باره‌ت به‌ كورد "مێهفه‌ر" له‌و بڕوایه‌دا بوو كه‌ ده‌بێ كورد له‌ هه‌ر چواربه‌شی كوردستان زیاتر گرینگی به‌ به‌هێزبوون و یه‌كگرتووی بده‌ن و ئه‌و خالانه‌ی كه‌ ناكۆكیمان له‌سه‌ری هه‌یه‌ كه‌متر زه‌ق بكرێنه‌وه‌ و زیاتر ڕۆحی هاوكاری و برایه‌تی له‌ نێوان حیزب و لایه‌نه‌كانی هه‌رچوار به‌شی كوردستان به‌هێزتر بكرێ.

هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌ كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات ناوبراو چه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ ده‌بێ هاوكاری زیاترمان له‌گه‌ڵ ئۆپۆزیسیۆنی سه‌رانسه‌ری ئێران هه‌بێ له‌سه‌ر ئه‌ساسی دێموكراسی و پێكه‌وه‌ هه‌ڵكردن و دیتنه‌وه‌ی نه‌قشه‌ ڕێگای گونجاو بۆ دوای ڕووخانی كۆماری ئیسلامی و دابینكردنی مافی هه‌موو نه‌ته‌وه‌ و پێكهاته‌كانی ئێران.

سه‌باره‌ت به‌ ئه‌ركی كورد له‌ ڕۆژهه‌ڵات و حیزبی دێموكراتیش له‌ ئێستای خه‌بات ناوبراو ڕایگه‌یاند كه‌ حیزبی دێموكرات پێویسته‌ یه‌كگرتووتر درێژه‌ به‌ خه‌بات بده‌ین و خۆمان ئاماده‌ بكه‌ین بۆ داهاتووی ئالوگۆڕه‌كان و خۆمان بۆ هه‌ر ئه‌گه‌ریه‌ك ئاماده‌ بكه‌ین.

دوای وته‌كانی "لوقمان مێهفه‌ر"، په‌یامی ده‌زگای په‌روه‌رده‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ لایه‌ن "عوبەید مورادی" پێرسۆنێلی ده‌زگای په‌روه‌رده‌ خوێندرایه‌وه‌ و پاشان په‌یامی به‌شداربووانی ده‌وره‌ی ئاستی ٢ به‌شی یه‌كه‌م له‌ لایه‌ن "محه‌ممه‌د نه‌وباری" به‌شداربووی ده‌وره‌ خوێندرایه‌وه‌.

بڕگه‌ی كۆتایی ڕێوڕه‌سمه‌كه‌ پێشكه‌ش‌كردنی خه‌ڵات بوو به‌سه‌ر نه‌فه‌راتی یه‌كه‌م تا سێهه‌م كه‌ بریتی بوون له‌:

نەفەری یەکەم "سامان سه‌ید ئه‌حمه‌دی"، نه‌فه‌ری دووهه‌م "حیسام سلێمانی" و  نه‌فه‌ری سێهه‌م "تاهیره‌ ڕه‌حیمی زاده‌" و ‌ له‌ لایه‌ن لوقمان مێهفه‌ر خه‌ڵاته‌كانیان پێشكه‌ش كرا.

جێگه‌ی ئاماژه‌یه‌ كه‌ خولی پێنجه‌می ده‌وره‌ی ئاستی ٢ به‌شی یه‌كه‌می سیاسی بۆ پێشمه‌رگه‌كان له‌ ڕێكه‌وتی ٧ی به‌فرانباری ١٣٩٨ ده‌ستی پێكرد و هەتا ڕێكه‌وتی ٢٠ی ڕێبه‌ندانی ١٣٩٨ درێژه‌ی كێشا كه‌ له‌م ماوه‌یه‌دا ١٢ وانه‌ پێشكه‌ش به ‌به‌شداربوون كراوه‌.