کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوایین هەڵویستەکان بە نیسبەت مانەوە یان چوونەدەرەوەی ئامریکا لە بەرجام

19:27 - 18 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: لە دوایین ساتەکانی مۆڵەتی دیاریکراوی سەرۆک ترامپ، بە نیسبەت دەستکاری یان چوونەدەرەوەی یەکجارەکی لە بەرجام، هەڵویستی جیاواز لە لایەن وڵاتانەوە بەرچاو دەکەوێت.

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، ڕۆژی دووشەممە ١٧ی بانەمەڕ، لە پەیامێکی تویتێریدا ئاگاداری بڵاو کردووەتەوە، کە ساعەت ١٠:٣٠ شەوی سێشەممە بە کاتی تاران، بڕیاری کۆتایی خۆی بە نیسبەت بەرجامەوە ڕادەگەیەنێت.

دانڵد ترامپ کە چ لە کاتی هەڵبژاردنەکان و چ پاش بوونی بە سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، یەکێک لە ڕەخنەگرانی بەرجام بووە، پێشتر بە کۆنگرەی ئامریکا و وڵاتانی ئۆرووپایی هەتا ڕێکەوتی ٢٢ی بانەمەڕی ئەمساڵ مۆڵەتی بۆ پێداچوونەوە و دەستکاری لە بەرجامدا بوو و ڕایگەیاندبوو: "ئەگەر ئەو ڕێکەوتنە ئاڵوگۆڕی بە سەردا نەیە و لاوازییەکانی چارەسەر نەکرێن، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا یەک لایەنە لەو ڕێککەوتننامەیە دەکشێتەوە".

وا پێدەچێت کە پاش سەردانی ئەم دواییانەی ئەمانۆئێل ماکرۆن، ئەنگێلا مێرکێل و وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بوریس جانسۆن بۆ ئامریکا، دانڵد ترامپ زووتر لە کاتی دیاریکراو دوابڕیاری خۆی ڕادەگەیەنێت.

ماکرۆن لە کاتی سەردانەکەی خۆیدا بۆ ئامریکا، لە زانکۆی جۆرج واشنتۆن باسی لەوە کردبوو، کە بە ڕای ئەو دانڵد ترامپ لە بەرجام دەکشێتەوە و لەو ڕیککەوتننامەیە دەچێتە دەرەوە، هەروەها هەندێک لە میدیا بەناوبانگەکانی جیهانیش هەر بەو شێوەیە بیر دەکەنەوە.

چوونەدەرەوەی ئامریکا لە ڕێککەوتننامەی بەرجام دەبێتە هۆی دووبارە وەگەڕخستنی ڕەوتی گەمارۆوە ناوکییەکان بۆ سەر ئێران، کە لە پووشپەڕی ساڵی ١٣٩٤ـەوە ڕاگیرابوون.

سێ وڵاتی بریتانیا، فەڕانسە و ئاڵمان لە مانگەکانی ڕابردوودا، هەوڵی خۆیان وەگەڕ خستووە، بۆ ئەوەی دانڵد ترامپ بە قەناعەت بگەیەنن هەتا لە بەرجام بمێنێتەوە، لە دوایین هەڵویستەکانیاندا ئەو وڵاتانە ڕایانگەیاندووە، کە بۆ پێشگرتن لە دەستپێڕاگەیشتنی ڕێژیمی ئێران بە چەکی ناوکی، بەردەوام بوون و مانەوە لە بەرجام بە ڕێگاچارەیەکی گونجاوتر دەبینن.

ماکرۆن پێشتر باسی لەوە کردبوو، کە لە هەلومەرجێکدا لە بەرجام دەمێنێتەوە، کە دڵنیا ببێتەوە ڕێژیمی ئێران، هیچکات دەستی بە چەکی ناوکی ڕاناگات، واز لە دەستێوەردانەکانی لە وڵاتانی ناوچە دێنێت و بە تەواوەتی کۆتایی بە پرۆژەی مووشەکە بالستیکییەکانی کە بوونەتە هەڕەشەیەک مەترسیدار بۆ سەر تەناهیی وڵاتانی ڕۆژهەلاتی نێوەڕاست دەهێنێت.

ئەگەرچی حەسەن ڕۆحانی سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، باسی لەوە کردبوو، کە ئەگەر ئامریکا لە بەرجام بکشێتەوە، ڕێژیمی ئێرانیش لەو ڕێککەوتننامەیە دەکشێتەوە، ڕۆژی ڕابردوو لەو هەڵویستەی پێشووی خۆی پاشگەز بووەتەوە و ڕایگەیاندووە، کە تەنانەت ئەگەر ئامریکا لە بەرجام بچێتە دەرەوە بە ئەگەری زۆرەوە ئێمە لەو رێککەوتننامەیە دەمێنینەوە و هەرگیز هیژمۆنی خۆشمان لە ناوچەدا کەم ناکەینەوە.