کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوودڵیی ئانگلا مێرکێل لە هەمبەر مانەوە لە بەرجام

13:28 - 1 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: لەسەر مانەوەی وڵاتانی ئورووپایی لە ڕێککەوتنی بەرجام و گۆڕینی پێوەندییەکانیان لەگەڵ ئامریکا، دوودڵی و خەمساردی لە نێوان بەرپرسانی ئاڵمانی بەدی دەکرێت.

سەرۆکی باڵای وڵاتی ئاڵمان، ئانگلا مێرکێل، سەرەڕای هاوڕابوون لەگەڵ وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی لەسەر گۆڕینی پێوەندییەکانیان لەگەڵ ئامریکا، بەڵام جیابوونەوەی سیستمی گواستنەوەی دراوی ئورووپا لە ئامریکای بە ڕێگاچارەیەک بۆ مانەوەی بەرجام نەزانی.

وەزیری دەرەوەی ئاڵمان، "هایکۆ ماس" لە دژکردەوەیەک لە هەمبەر هاتنەدەرەوەی ئامریکا لە بەرجام و گەڕانەوەی گەمارۆوەکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، پێشنیاری کردووە، کە ئورووپا لە بواری سیستمی گواستنەوەی دراو، خۆی سەربەخۆ بکات و لە ئامریکا جیا ببێتەوە.

بەرپرسانی ئورووپایی لە هەوڵ دان، کە سەرەڕای گەمارۆوەکانی ئامریکا، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران دڵنیا بکەنەوە بۆ مانەوەی لە بەرجام و ئەو قازانجانەی کە لە ڕێگای ئەم ڕێککەوتننامەیە بۆ ئەو ڕێژیمە دەستەبەر دەکرێت.

لەم پێوەندەییەدا، ئانگلا مێرکێل، ڕۆژی چوارشەممە ٣١ی گەلاوێژ، لە بارەی ڕازیکردنی ڕێژیمی ئێران و دژکردەوەکانی ئورووپا لە هەمبەر ئامریکا وتوویەتی: "لە پێوەندی لەگەڵ سیستمی گواستنەوەی جیاواز، دەبێت بڵێم کە ئێمە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران کێشەمان هەیە و لە لایەک باش دەزانین کە لە بواری ماڵی، گرووپە تێرۆریستییەکان دابین دەکات و سیستمی سووئیفت گرنگی خۆی هەیە".

ناوبراو لە درێژەدا باسی لەوە کردووە، کە بۆ ئورووپا گرنگ ئەوەیە، کە لە بواری ئەمنییەتییەوە وەکوو پێشتر هاوکارێکی باش بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بێت.