کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دووکانداران لە ناوچەی مەریوان لەلایەن ڕێژیمەوە گوشاریان دەخرێتە سەر

12:53 - 28 پووشپەڕ 2720

حەوتووی ڕابردوو بەکرێگیراوێکی ڕێژیم بە ناوی "س.ک" خەڵکی گوندی "بارام ئاوا"ی مەریوان کە بەسیجی گوندی "دزڵی" بووە، داوای لە دووکاندارەکانی گوندی "دەرەناخێ و دزڵی" کردووە، ناوی ئەو کەسانەیان پێ بدەن کە ڕۆژانە سەردانی دووکانەکان دەکەن و شتومەکێکی زۆر دەکڕن.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕی "کوردستان میدیا"، ئەو بەکرێگیراوەی ڕێژیم هەڕەشەی له دووکاندارەکان کردووە کە لە ئەگەری نەدانی ناوی ئەو کەسانە کە ڕۆژانە سەردانی دووکانەکان دەکەن و شتومەکی زۆر دەکڕن، لەگەڵ سزای لێسەندنەوەی مۆڵەتی دووکانەکانیان بەرەڕوو دەبنەوە.

ڕاپۆرتی گەیشتوو باس لەوە دەکات کە کەسی بەکرێگیراو، تەنانەت لەگەڵ یەکێک لە دووکاندارەکان بە کێشە هاتووە کە دەبێ ناوی ئەو کەسانە بدات کە لە کوێستانەکانی ئەو ناوچەیە بە پیشەی ئاژەڵدارییەوە سەرقاڵن و شتومەکی زۆر دەکڕن.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، کێشەسازکردنی بەکرێگیراوانی ڕێژیم بۆ دووکاندارانی ئەو دوو گوندە، بۆ کڕینی شتومەک و پێخۆر بۆ ئەندامانی حیزبە کوردییەکان دەگەڕێتەوە.