کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو بانکی نیزامیی دیکە دەخرێنە ژێر دەستی بانکی سپەهەوە

18:06 - 7 بانەمەڕ 2720

بەڕێوبەری بانکی سپەهی ڕێژیم پاش تاوتوێکردنی دوایین ڕەوتی تێکەڵکردنەوەی بانکەکان ڕایگەیاند کە ٢ بانک لە بانک و دامەزراوە ماڵییەکانی گرێدراو بە هێزە چەکدارەکانەوە تا کۆتایی مانگی بانەمەڕ لەگەڵ بانکی "سپەهـ" تێکەڵ دەکرێنەوە.

پەیوەندییە گشتییەکانی بانکی "سپەهـ" نووسیویەتی: "بەڕێوەبردنی ئەو پلانە ستراتیژیک و نەتەوەییە بە سوودی سیستمی پارە و بەگشتی بە سوودی نیزامی ئابووریی وڵاتە".

ئەمە لە حاڵێکدایە کە سپای تیرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە ڕێگەی بانکی سپەهەوە دەیهەوێت ئاستی دەسەڵاتی خۆی بەسەر ئابووریی ئەو وڵاتە بە ناوی کۆکردنەوە و تێکەڵکردنەوەی بانکە نیزامییەکانەوە بباتە سەرەوە.

سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران نەتەنیا لە بواری بانکەکانەوە بەڵکوو لە ڕێگای جیاوازەوە دەست بەسەر دامەزراوە و شیرکەت و ناوەندەکانی بەرهەمهێناندا دەگرێت و بەو شێوازە زۆربەی ئابووریی ئەو وڵاتە کۆنترۆڵ دەکات.

ئەم کردەوەیەی سپای تێرۆریستی پاسداران یارمەتیدەر دەبێت بۆ پەردەپۆشکردنی گەندەڵییە ماڵییەکانی و هەروەها سپیکردنەوەی پارە و زۆربەی کارە نایاساییەکانی دیکە کە لەژێر دەسەڵاتی بانکی ناوەندیدا ناتوانێت بیکات.