کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو بەرپرسی دیکەی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە سووریە کوژران

21:08 - 3 خەزەڵوەر 2715

کوردستان میدیا: دوو ئەندامی دیکەی سپای پاسداران، لەشەڕی نێوخۆیی سووریەدا گیانیان لەدەست دا.

هەواڵدەرییەکانی نزیک لە ڕێژیمی ئێران ڕایانگەیاندووە کە، مستەفا سەدرزادە بەناوی خوازراوی سەید ئیبراهیم و میلاد مستەفەوی یەکێک لە فەرماندەکانی بەکرێگیراوانی تیپی فاتمیون، لە شەڕی نێوخۆیی سووریە و بەدەستی بەرهەڵستکارانی ڕێژیمی ئەسەد کوژراون.

ماڵپەڕی مشرق کە یەکێک لە هەواڵدەرییەکانی گرێدراوی ڕێژیمی ئێرانە، ڕایگەیاندووە کە، مستەفا سەدرزادە یەکێک لە بەرپرسانی لەشکری فاتمیون بووە.

تیپ یان سوپای فاتمیون، پێکهاتووە لە ئەفغانییەکانی دانیشتووی ئێران و یان خودی ئەفغانستان کە ڕێژیمی ئێران بە مەبەستی شەڕ لە سووریە ڕێکی خستوون. بەپێی ڕاپۆرتێکی هەواڵدەریی حکوومەتیی دفاع مقدس کە مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ بڵاوی کردەوە، ٢٠٠ ئەندامی ئەو سوپایە لە سووریە کوژراون.

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز سەرەتای هاوینی ئەمساڵ لە ڕاپۆرتێکی خۆیدا کە بە پشت‏بەستن بە کۆمیساریای باڵای ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران بڵاوی کردبووەوە، ڕایگەیاند کە ڕێژەی ئاوارەکانی سووریە لە وڵاتانی دراوسێ بۆ سەرەوەی ٤ میلیۆن کەس بەرز بووەتەوە و هەتا کۆتایی ٢٠١٥ی زایینی، بۆ ٤ میلیۆن و ٢٧٠ هەزار کەس بەرز دەبێتەوە.

سووریە بە حەشیمەتێکی ٢٢ میلیۆن کەسییەوە بۆ ماوەی ٤ ساڵە تووشی قەیران و شەڕی نێوخۆیی بووە.

سەرەڕای ئەم ئامارانە، زیاتر لە ٧ میلیۆن و نیو لە حەشیمەتی سووریە لە نێو خودی ئەو وڵاتەدا ئاوارە بوون.

لەگەڵ هەموو ئەو کێشە و گرفتانەی کە خەڵکی سووریە لەگەڵی بەرەوڕوو بوونەتەوە، هیچ هێمایەک لە کۆتایی ئەو شەڕە بەدی ناکرێت. زلهێزەکانیش لەو کێشەیەدا بە سەر دوو گرووپی دژبەران و پشتیوانانی بەشار ئەسەددا، دابەش بوون. لە لایەکەوە ڕووسیە، چین و ئێران پشتیوانی لە حکوومەتی بەشار ئەسەد دەکەن و لە لایەکی دیکەوە ڕۆژئاوا و وڵاتانی عەرەبی خوازیاری لەسەرکار لابرانی بەشار ئەسد لە حکوومەتی ئەو وڵاتەن.