کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو ساڵ بەشداریکردن لە نوێژی هەینی، وەک سزا

12:18 - 8 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: لە دادگاکانی ڕێژیمی ئێراندا، بەشداریکردن لە نوێژ وەک سزایەک بەسەر هاووڵاتییاندا دەسەپێنرێت.

بەوتەی جێگری بەرپرسی فەرهەنگی و خوێندکاری وەزارەتی زانست، خوێندکارێکی بەشی زانستە پزیشکییەکان بە دوو ساڵ بەشداریکردن لە نوێژی هەینی سزا دراوە.

ئەم  خوێندکارە کە هەتا ئێستا شوناسی ئاشکرا نەکراوە، لە کاتی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانبار دەستبەسەر کرابوو کە لەلایەن دەزگای "قەزایی"یەوە  ئەو سزایەی بەسەردا سەپاوە.

 ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی دەسەڵاتیدا بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدا بووە کە  دەسەڵات و بیری بەسەر خەڵک و هاووڵاتیانی ئێراندا بسەپێنی کە  لە پێناو ئەم ئامانجەشیدا لە هیچ جۆرە ڕێگە و شێوازێک خۆی نەبواردووە.

پێشتریش دادگای ئینقلابی شاری دێهلۆران، لاوێکی ئەو شارەی بە ناوی "یونس باسرە" کە لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی ڕابردوودا دەسبەسەرکرابوو،  بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران، بە بەشداری زۆرەملێ  لە نوێژی هەینی و خاوێنکردنەوەی گۆڕی کوژراوانی ڕێژیم لە شەڕی ئێران و عێراقدا بۆ ماوەی شەش مانگ سزا دابوو.