کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو ساڵ و نیو زیندان بۆ فرۆشیارێکی کەلوپەلی فڕۆکە بە ڕێژیمی ئێران بڕایەوە

11:18 - 3 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: بازرگانێکی خەڵکی بریتانیا، بە هۆی فرۆشتنی کەلوپەلە قەدەغەکراوەکانی فڕۆکە بە ڕێژیمی ئێران بە دوو ساڵ و نیو زیندان سزا درا.

بازرگانێکی خەڵکی بریتانیا، بە ناوی "ئەلکساندەر جۆرج"، تەمەن ٧٧ ساڵ، بە تۆمەتی هەناردەکردنی کەلوپەلی فڕۆکەی "فانتۆم ئێف٤ و میگـ"ـی دروستکراوی ڕووسیە بۆ ڕێژیمی ئێران، دوو ساڵ و نیو زیندانی بۆ بڕایەوە.

بەرپرسانی گومرۆکی بریتانیا ڕایانگەیاندووە، کە چەند مانگ پێش زانیویانە ئەلکساندەر جۆرج، کەلوپەلی فڕۆکەی شەڕکەری ‌قەدەغەکراو، لە ڕێگەی ئۆفیسەکانی کۆمپانیاکەی لە مالزی و دوبەیەوە بۆ ئێران هەناردە دەکات.

ئەم بازرگانە بریتانیایە، هەتا ئێستە لە ڕێگەی هەناردەکردنی ئەم کەلوپەلە قەدەغەکراوانەوە توانیویەتی پێنج میلیۆن پۆند قازانج بکات.

بەپێی وتەی بەرپرسانی گومرۆکی بریتانیا، دوو کەسی دیکە بە ناوەکانی "پل ئتووتەر و ئایریس" خەڵکی تێلفۆردی بریتانیا، هاوکاریی ئەم بازرگانە بریتانیایەیان کردووە و کەلوپەلەکانی فڕۆکەیان لە ئامریکاوە بۆ کۆمپانیاکەی ئەلکساندەر جۆرج لە بریتانیا هەناردە کردووە، کە ئەم دوو کەسەش بە شەش مانگی زیندان مەحکووم کراون.

لە دوای ڕاگەیاندنی دەوری یەکەمی گەمارۆوە ئابوورییەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، بازرگانیکردن بە کەلوپەلە پێویستەکانی فڕۆکە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران قەدەغەکرا.